Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی: ئەو ئیرهابە فکرییەی لە سلێمانی لەدژی پارتی هەیە لە گۆڕی دەنێین

سلێمانی-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتاریدا لەنێو جەماوەری سلێمانی مژدەی دایە جەماوەری پارتی کە ئەو ئیرهابە فیکرییەی لە دژی پارتی لە سلێمانی دەکرێ لە لاوازبووندایە و لەنێودەچێ..گوتیشی ئێمە شەڕ بۆ سلێمانی دەکەین کەچی هەندێ لایەن شەڕ بە سلێمانی دەکەن.

ئەمڕۆ لە سلێمانی جەماوەر و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاهەنگی ناساندنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان سازکرد.

جێگیری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە گوتاریدا لەنێو جەماوەر و لایەنگرانی پارتی لە سلێمانی لە دەسپێکی گوتارەکەیدا سوپاسی خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینی کرد کە لە کەشوهەوایەکی سەخت و لەژێر باراندا ئەم کەرنەڤاڵەیان رێکخستووە و بە گوڕوتینەوە ئامادەن.

جێگری سەرۆکی پارتی باسی لە مێژووی سلێمانی لە ڕووی نیشتمانپەروەری کرد و گوتی کە سلێمانی هەردارولمولکی بابانە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە پایتەختی رۆشنبیری کوردستانە، باسی مێژووی ئەو شارەی کرد لە پێوەندییان لەگەڵ شۆڕشەکانی کوردستان و جوامێری و قارەمانێتیی خەڵکی سلێمانی لەگەڵ بارزانی نەمر، ئەو جوامێرییەو قوربانیدانەی سلێمانی وای وەسفکرد کە هەتاهەتایە لەگەڵ پارتی بەیەکی بەستوونەتەوە و پێکەوە دەمێننەوە. نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئەمڕۆ لێرەین و لە داهاتوویشدا بە پشتیوانییەکی زۆر و هێزێکی زۆرەوە لێرە دەمێنینەوە. ئاماژەی بە شێخ ئەحمەدی بارزان کرد کە وای فێرکردوون رێز لە سلێمانی بگرن و هەمیشە سلێمانیمان خۆشبوێت، باسی شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمریشی کرد کە ئەو کاتیش بارزانی نەمرو پێشمەرگەکانی بەرگریان لە سلێمانی کردووە.

نێچیرڤان بارزانی باسی ئەو ئیرهابییە فکرییەی کرد کە لە سلێمانی لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێ و گوتی،  ئیرهابی فیکری لەسەر پارتی لە شارێک دەکرێ کە بەشێکی زێڕینی مێژووی پارتی نووسیوە، ئەگەر یەکجار ئێمە پارتی بین ئێوە دووجار پارتین، ئەگەر وەفاداری پارتی بین ئێوە لە ئێمە زیاتر وەفادارترن بۆ پارتی و رێبازی بارزانی، ئێوە لە نێو ئیرهابی فیکری سیستەماتیکدان کە لە دژی پارتی دەکرێ.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەناوی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی سوپاسی خەڵکی سلێمانی کرد و  پێی گوتن ئافەرین بۆ خۆراگریتان و مژدەی ئەوەتان پێدەدەم کە ئەو ئیرهابە فکرییە لەنێوچووندایە و لەنێو دەچێ، ئێوە بەسەربەرزی و سەرفرازی دەمێنەوە. گوتیشی، لەو ماوەیەدا هێزێکی زیاتر بدەن بە خۆتان بۆئەوەی بە تەواوی ئەو ئیرهابە فکرییە لەنێو گۆڕبنێن، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ سلیمانی بگەڕێتەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی ئەو کێبرکێیە حزبییە کرد کە ژیانیان لە خەڵکی سلێمانی تاڵکردووە، کەسانێک وا دەزانن کە شاری سلێمانی شاری پۆپۆلیستکانە، وایان دەزانی دەبێ سلێمانی جیابکەنەوە، وایانزانی سلێمانی بێدەنگ دەبێ. گوتیشی، سلێمانی مەڵبەندی پارتی بووە، پارتی کە ئاڵای رزگاری کوردستانیان هەڵگرتووە، بەشێکی خوێنی پارتی لە خوێنی رەسەنی سلێمانییە، پارتی و خەڵکی کوردستانی هاوبیرن، لە قوربانیدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چاوەڕێین لە خەڵکی سلیمانی دەنگ بە لیستی ١٨٤ بدەن، چونکە پارتی جارێکی دیکە لە چوارساڵی رابردوو بۆ مافەکانی گەلی کوردستان لە بەغدایە.

نێچیرڤان بارزانی ئامانجی پارتی لە بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێ، ئامانجی ئێمە لە بەغدا پارێزگاریکردنی مافە دەستوورییەکانی کوردستانە نەوەک دانیشتن لە سەر کورسییەکان.لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، هاتووم پێتان بڵێم تەنیا نەهاتووین ئاڵاو بارەگای پارتی  بێنینە سلێمانی، تێڕوانینمان بۆ سلیمانی و هەڵەبەجە هەمان ئەو تێڕوانینەیە کە بۆهەولێر و دهۆک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان هەیە، پشتگیری ئێوە دەرفەتی زیاتر دەرخسینی بۆ ئەوەی زیانر خزمەتی ئێرە بکەن.

گوتیشی، بەهەموو توانایەک بۆ سلێمانی پاڵپشت بووین لە هەموو بوارەکاندا ئەگەر هۆڵێک لە هەولێر کرابێتەوە،  وەبەرهێنانمان هانداوە لە سلیمانی ئەو کارەبکرێ، ئەگەر پرۆژەی گەشتیاری کرابێتەوە ئێمە قەرزمان بەو پرۆژە دایە بۆ خەڵکی سلێمانی، ئەگەر زانکۆیەک لە سلێمانی کرابێتەوە هەر پڕۆژێک هەبێ، بەبێ باسکردنی هاوکاری ئێمە یارمەتیمان داوە، ئێمە دەسەڵات نەبووین لەسلیمانی، بەڵام هەر هاوکاربووین.نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، هەندێ کەسولایەن بۆ هێرشەکردن سەر پارتی دژایەتیکردنێک بەکاردێنن کە وەک ئەوەی بۆ پەرلەمانی بەغدا نا خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان کاندید کردبێ، بۆ فڕێدانی شکستەکانیان بۆ سەر شانی پارتی هەوڵدەدەن، چونکە خزمەتی ئەو شارەیان نەکردووە،  بۆیە لێرەوە بەناوی ئێوەوە پێیان دەڵێین، ئیتر بەسە.

جارێکی دیکە لە گوتارەکەیدا جێگری سەرۆکی پارتی رایگەیاند، هەرگیز هاوکێشە حزبییەکان و ئەو ئیرهابە فکرییەی لەدژی پارتی هەبووە دەرفەتیان نەداوە وەک ئەوەی لە بیرو هزرماندایە خزمەتی ئەو دەڤەرە بکەین، سلیمانی بودجەی تایبەتی خۆی لە حکوومەت هەبووە، ئەوانە بەرپرس بوون کە لە سلێمانی حکومیان دەکرد نەوەک پارتی کە خزمەتی ئێرەیان کردبا، بەڵام بەداخەوە بۆ شکستیان دەڵێن خەتای پارتییە ئەمە درووست نییە و ئەوان بەرپرسن کە دەبوو خزمەتی سلێمانیان بکردبا.

گوتیشی، راکردن لە بەرپرسیارێتی و لە رێگەی ئەو ئیرهابە فکرییە کە لەدژی پارتی کراوە، ئەمڕۆ خەڵکی سلێمانی خۆیان پێیان دەڵێ، بەسە خۆرادەستکردن بە دەرەوە، زۆر لە گەنجانی سلێمانی دەزانن هەندێ حزب شەڕ بە سلێمانی دەکەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێ شەڕ بۆ سلێمانی بکەین، سلیمانی جوانە دەبێ جوانتر بکرێ، ئاوەدانە دەبێ زیاتر ئاوەدانبکریتەوە، دەبێ دەرفەتی زیاتر بۆ گەنجانی داهێنەر بکرێ، هەڵەبجەمان کردە پارێزگا، لە داهاتوویشدا وەک هەمو پارێزگایەکی دیکە دەبێ شایستە داراییەکانیان بۆ دەستبەربکرێ، قوربانیانی چەکی کیمیایی دەبێ قەربووبکرێنەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەیشی دا کە شانازی دەکەن سلێمانیان کردووە بە پایتەختی رۆشنبیری، دەبێ بە چالاکییش  ئەوە بسەلمێندرێ، نابێ ئەو ململانێیەی کە هەیە تێکەڵی ئیداری و خزمەتگوزاری بکرێ، ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر پارتی لە سلێمانی هیچیان پێنەبووە بۆ سلێمانی،لە ساڵانەی رابردوو دەرکەوتووە کە پارتی لە هەر شوێنێک بەهێزبووبێ ئاوەدانی زیاتر لەوێ بووە، ئیرهابی فکری لە سلێمانی لە دژی پارتی لە لاوازبوون و لە ناوچووندایە ئێمە دەمانەوێ بە هێزی گەورە بگەڕێینەوە بەغدا و پارێزەری مافەکانتان بین. لە گوتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین کرد کە دەنگ بە لیستی ١٨٤ بدەن.

نێچیرڤان بارزانی لە باسی چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا باسی لە کردنەوەی دەرگا دیپلۆماسییەکان بەسەر هەرێمدا و دابەشکردنی مووچە بە سیستەمی نوێ و کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچە و کردنەوەی فڕۆکەخانەکان کرد و هەروەها ئاشکرای کرد ئەگەر بێت و دەستەناوخۆییەکان نەبووایە کە دەیانویست هەرێمی کوردستان لاوازبکەن ودەچوونە بەغدا بۆ ئەو مەبەستە ئەوا زۆر زووتر ئەو کێشانە چارەدەبوون. گوتی کە پایزی رابردوو کەسانێک هەبوون هانی هێزەکانی عێراقیان دەدا کە پەلاماری دهۆک و هەولێر بدەن و سلێمانی و ئەم سنوورە لە هەولێر و دهۆک داببڕێنن، خۆشەویستان رۆڵەکانی ئێوە پێشمەرگەکانی ئێوە لە پردی و سحێڵا لە دژی ئەو پلانە وەستاونەوە و نەیانهێشت کە ئەو پیلانە سەربگرێ. راشیگەیاند، لە ئێستاوە لایەنە عێراقییەکان قسە لەگەڵ پارتی دەکەن وەک لایەنێکی سەرەکی بۆ داهاتوو. نێچیرڤان بارزانی، داوایشی کرد لەگەڵ هەموو ئەو پیلانەی لە دژی پارتی کران، جارێکی دیکە داوا دەکات کە گفتوگۆ بکرێ و لە عێراقدا بە یەکگرتووی هەوڵبدرێ.لە کۆتاییدا جارێکی دیکە نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دایە جەماوەری پارتی لە سلێمانی کە ئەو ئیرهابە فکرییەی لە دژی ئێوە دەکرێ بە پاڵپشتیی ئێوە لە گۆڕی دەنێن.