Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، (26)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی "دهۆك تیڤی" پیرۆز دەكات

 
هه‌ولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (26)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی (دهۆك تیڤی)ـیەوە، ڕایگه‌یاند، (دهۆك تیڤی) دەسكەوتێكی دیكەی گرینگی پارتیمان بوو بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری راگەیاندن و رۆشنبیری و كولتووری كوردی.
 
بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و تێكڕای كادیر و كارمەندانی تەلەڤزیۆنی دهۆك.. 
 
بە بۆنەی (26)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی (دهۆك تیڤی)ـیەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی كەناڵە ئازیزەكەتان دەكەین و، ئومێدەوارین هەمیشە بەردەوام و لە پێشكەوتندا بن.  
 
تەلەڤزیۆنی دهۆك، وەك یەكەمین كەناڵی ناوخۆیی گشتیی كوردستانی، بەر لە 26 ساڵ لەو دەڤەرە ئازیزەدا هاتە دامەزراندن، دەسكەوتێكی دیكەی گرینگی پارتیمان بوو بۆ خزمەتگەیاندن بە بواری راگەیاندن و رۆشنبیری و كولتووری كوردی.
 
تەلەڤزیۆنی دهۆك، خاوەن پەیامێكی راست و روونە و شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی مێدیایی، هەردەم لە رێی بەرنامە و پڕۆگرامەكانییەوە رۆڵی شیاوی خۆی گێڕاوە بۆ داكۆكیكردن لە دۆزە رەواكەمان و پێشكەوتنی كۆمەڵگە و زمان و ئەدەبیاتی رەسەنی كوردایەتی، بۆیە مایەی شانازی و دەستخۆشییە.
 
لەو بۆنەیەدا، جەخت لە پاڵپشتی و پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ تەلەڤزیۆنی دهۆك دەكەینەوە و بە هیواین ساڵی داهاتوو زیاتر پێش بكەون و سەركەوتنی زیاتر لە كارەكانتاندا بە دەست بێنن..
 
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
4/5/2018