Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی ٢٤ ساڵەی گۆڤاری گوڵان پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی، لە دوو پەیامی جوودادا ٢٤ ساڵەی گۆڤاری گوڵان پیرۆز دەکەن کە ئەمە دەقەکانیەتی:

 

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەبۆنەی(24)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان

 

هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان

هەڤاڵان، سكرتێری نووسین و سەرجەم ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری گوڵان

  بەبۆنەی(24)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان)گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەو نووسەران و خوێنەرانتان دەكەین، وێرای هیواخوازیی بەردەوامیی و پێشوەچوونی زیاتر، مایەی شانازیشە، كە رۆژنامەگەریی كوردیی خاوەن گۆڤارێكی وەك(گوڵان)ە، كە ئەمەش بەبێگومان بۆ هەوڵ وكۆشش و  شەونخونیی ئێوە دەگەڕێتەوە.

  گۆڤاری(گوڵان) بەپێی سیستەم و پرۆگرامێكی رێكوپێك و تایبەت بەخۆی كاری كردووە بۆ خزمەتكردنی كایەكانی رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی، كە ئەمەش دەسكەوتێكی دیكەیە بۆ رەوتی رۆژنامەگەریی كوردیمان، لەو بوارەشدا جێدەستی دیارە لە سەر گۆڕەپان و لە نێو كاروانی رۆژنامەوانیی و كاری میدیاییدا.

  (گوڵان)پێگەی شایستەی خۆی هەیە لە نێو توێژی رۆشنبیروئەكادیمیستاندا، ئەمەش دیوێكی دیكەی ئەو خزمەت وبەخششەیە، كە پێشكەشتان كردووەو ئەو بوارەشتان بەبەرهەمی تێروتەسەل دەوڵەمەندتر كردووە.

(گوڵان)وەك هەفتەنامەیەكی دیاروبەرچاو و بەو رێبازە نەگۆڕوجێگیرەی توانیویەتی ژمارەیەكی یەكجارزۆری تۆژەرونووسەروئەكادیمی ناسراوی عەرەبی وبیانی و جیهانی بەیەكەوە كۆبكاتەوە، بۆیە لەو رووەوەش تایبەتمەندیی و دانسقەیی خۆی سەلماندووە، هەروەها لەرووی ئیتیكی پیشەوەرانەوە گۆڤاری(گوڵان) پەیرەوی رەوتێكی راست و دروستی كردووە و بەگیانی دیالۆگ  و رەخنەگرانەوە خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەمان و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی كردووە.

  جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی و پشتیوانی خۆمان بۆ سەرخستن وبەردەوامیی وزیاتر پێشخستنی گۆڤاری(گوڵان)دووپات دەكەینەوە، جەختیش دەكەینەوەسەر ئەوەی كاروئەركی رۆژنامەوان و رۆشنبیران پاڵپشتی و داكۆكیكردنە لە كێشە رەواكانی گەلەكەمان  و گەیشتنی بە مافەكانی.

مەكتەبی سیاسی

  پارتی دیموكراتی كوردستان

21/4/2018

 

پەیامی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەبۆنەی (24)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری(گوڵان)

هەڤاڵی بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان

هەڤاڵان، سكرتێری نووسین وتێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین وهونەریی لە گۆڤاری(گوڵان)

بەبۆنەی(24)ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان) پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەوخوێنەرانتان دەكەین، دەستی هەوڵ و ماندووبونتان دەگوشین، ئومێدەوارین لەمەودواش بەهەمان گیانی لەخۆبردوویی  و دڵسۆزانەتان بەردەوام بن و لە گشت روویەكەوە بەرەوپێش بچن.     رێڕەوی رۆژنامەوانی كوردیمان زنجیرەیەكە لە هەوڵ و هیممەت و قوربانیدان، گۆڤاری(گوڵان)یش لەو قافڵەیەدا ئەزموونێكی گەش و تازەی هێنایە ئاراوەوسەلماندی، كە تایبەتەمەندی خۆی هەیە لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆشنبیریی و مەعریفیمان، لە خستنەڕوو و گەیاندنی پەیامی رەوای ئەو ئەزموونەمان بە دەوروبەرو جیهان.  

گۆڤاری(گوڵان) لەو ماوەی كاركردن و تەمەنی بەخششیدا بەگوێرەی پلان و بەرنامەیەكی سەركەوتووانە توانیویەتی جێگەی شیاووشایستەی خۆی لەسەر پانتایی كاری رۆژنامەگەریی بگرێ، بۆیە هەردەم نموونەیەكی نوێی داهێنەرانەیەو لە پێشەنگدایە.

مایەی شانازییە بۆ رۆژنامەگەریی كوردیی گۆڤاری(گوڵان) سەلماندوویەتی، كە خاوەن مۆركی كوولتورێكی رەسەن و نەتەوایەتییە، هەروەها بنەماكانی كاری رۆژنامەوانیی لە رووی راستگۆییەوە ئەرێیانە پیادە دەكات.

جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پشتیوانی خۆمان بۆ پێشكەوتن و بەردەوام بوونی گۆڤارەكە دووپات دەكەینەوە

ئومێدەواین بۆ ساڵی داهاتووش هەردەم ئەو سەكۆیە دیاروبەرچاوەی رۆژنامەگەریی كوردیی بن.. 

دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی

پارتی دیموكراتی كوردستان

21/4/2018