Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بەغدا ڕێگرە لە دانی قەرزی ژاپۆن بە ھەرێمی کوردستان"

هەولێر-KDP.info-  وڵاتی ژاپۆن چەند پڕۆژەیەکی کەرتی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات و گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ئەو قەرزەی ژاپۆن بە عێراقی داوە بەشی ھەرێمی کوردستانی تێدایە بۆ جێبەجێکردنی  پڕۆژەی دیکە، بەڵام تا ئێستا بەغدا ڕازی نەبووە بە خەرجکردنی بەشی ھەرێمی کوردستان.

 

محەمەد ئەمین ھەورامانی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان بە مالپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرپرسی نوێی ئاژانسی جایکای ژاپۆن لە ھەرێمی کوردستان دەستبەکار بووە و سەردانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە، مەبەست لە سەردانەکەی پشتگیری بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆژەکانیانە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ژاپۆن لە کەرتی کارەبادا ھەندێ پڕۆژەی ھەیە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت. لەوانەش، پڕۆژەی ھایدرۆ پاوەری دێرالۆک لە سنووری پارێزگای دھۆک کار تێدا بەردەوامە و چەند ھەنگاوێکی تەواو بووە، لەوانە ھێڵەکانی گواستنەوە و ئامادەکردنی وێستگەی کارەبا، بەڵام ھێشتا نەگەیشتووەتە کۆتایی بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لە ناحیەی دێرالۆک."

 

محەمەد ئەمین ھەورامانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیار بوو وڵاتی ژاپۆن ھەندێک پڕۆژەی دیکەش جێبەجێ بکات، بە شێوەی قەرزی درێژخایەن، بەڵام پێویستی بە ڕازیبوونی حکوومەتی عێراقە و لەوانەیە لە داھاتوودا دەست بەو پڕۆژانە بکرێت، بەڵام ڕێگری ھەیە لە لایەن بەغداوە، چونکە پارەکە بەشی ھەرێمی کوردستانە، وەزارەتی کارەبا پێی باشە ھەموو پڕۆژەکان بچنە واری جێبەجێکردنەوە، چونکە  پارەی ئەو پڕۆژانە ئێمە نایدەن و بەقەرز دراوەتە عێراق و بەشی ھەرێمی کوردستانی تێدایە."

 

قائید میرۆ