Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕیفراندۆمچی و نەكیرە و دەنگی ئازادی

زكری مووسا
ڕیفراندۆمچی ترسنۆك نییە، قسەی حەق و ڕەقە، سێرەی لە داگیركار گرتووە. لە دەشتەكانی زوومار و ڕەبیعە و شنگال و كەركووك داعش دەشكێنێ. ڕیفراندۆمچی خواوەندی داستانی پردێ و سحێلایە. ڕیفراندۆمچی ڕۆحە، ڕۆحی حوسێن مەنسوور و مەغدید هەركی و كاكە عەتایە كە خۆبەدەستەوەدان و پاشكۆیەتی ناناسێ.
ڕیفراندۆمچی دەبێ دادگایی بكرێت چونكە دەنگە دلێرەكەی دەنگی ئاشتییە. دەنگەكەی دەنگی گەلێكی مەزلوومە كە ئازادی دەوێت. ڕیفراندۆمچی دەنگی (بەڵێ)ـیە بۆ مێژوو و سەروەری و نەوەكانی داهاتوو. دەنگی (نا)ـیە بۆ پاشكۆیەتی دەوڵەتێكی قەڵپ و ستەمكار كە سەدتساڵ تاوانی درەهەق گەلی كوردستان ئەنجام داوە.
ڕیفراندۆمچی پلان بۆ ئازادی دادەنێت، ئەو نەخشە بۆ كونسوڵكوژی و ڕفاندنی خەڵك و تێكدانی ئاسوودەیی هاووڵاتیان ناكێشێت. دەنگی ئەو دەنگی ڕەسەنایەتییە، ئەو جنێودەر و دەمپیس نییە و ئێرەیی تاوی نادات. ئەڤینی ئازادیخوازی و خاك و چیا و خۆر و سەربەستی تاوی دەدات. ڕیفراندۆمچی ئیخوان و داعشباوەڕ و حەشدپەرست و شەیدای سوڵتان و ئایەتوڵڵا نییە، ڕیفراندۆمچی سەری بەرزە و ڕووسوورە، تاریكی ناناسێت، ڕووناكی و هیوا هەموو ناخی تەنیوە.
ڕیفراندۆمچیبوون تەحەدداكردنی داگیركاری و جەهلی ئایینی و تاییفی و نەتەوەكانی دەرووبەرە. تێكشكاندنی نەریتی نامرۆڤانەی كۆلۆنیالیزم و ئیمپڕیالیزمە بێ ئابڕووەكەی سەردەمە. ڕیفراندۆم كەمترین وەفایە بۆ هەڵەبجە، پەیمانە بۆ ئەنفال و بارزانییەكان كە جەستەی پڕشكۆیان بە زیندوویی لە بیابانەكانی تاریكپەرستی و جەهلی دوورگەی عەرەبیدا خرایە ژێر خاك. ڕیفراندۆم هاواری ئەو گەنجە بێتاوانە فەیلییانەن كە لە سەحراكانی ئۆردۆن و ئەنبار چەكی كیمیاییان لەسەر تاقی كرایەوە.
ڕیفراندۆمچیبوون دەوڵەتخوازی و سەربەخۆییە، بنیاتنان و پاراستنی گەلە لە دەستی ڕەشی دوژمن. ڕیفراندۆمچیبوون ژیانە، گەڕانە بەدوای ژیانێكی ڕاستەقینە كە ڕەنگ و بۆنی داگیركاری لەسەر هەڵنەنیشتبێت.
هەموو ڕیفراندۆمچییەك پەیامبەری ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی میللەكەیەتی. ئەوانەی دەبێ دادگایی بكرێن كۆترەكانی ئاشتی و شوورەی پۆڵایینی گەل نیین. ئەوەی دەبێ دادگایی بكرێت نەكیرەكانن كە ڕەنگ و دەنگ و هزر و هۆشیان كۆپیی داگیركارە. ئەوانە دەبێ دادگایی بكرێن كە ناپاكییان كردووە و دەستی دوژمنیان ڕاكێشاوە بۆ ناو وڵات. ئەو عەبەسی و داعشباوەڕانە دەبێ دادگایی بكرێن كە بە خوێنی پێشمەرگە و قووتی خەڵكی كوردستان لە كۆڵانە كەڕووگرتووەكانی ئەوڕوپا ئاویان دەكردە ئاشی دوژمن و دژایەتی ویستی ڕەوای گەلەكەیان دەكرد.
ئەگەر بە ڕاستی عەدالەت هەبێ دەبێ ئەو كەسانە بدرێنە دادگا و پارێزبەندیان لێوەربگیرێت كە سووكایەتی بە دەنگی ئازادیخوازی میللەتەكەیان دەگەن. بڕۆن مێژوو بخوێنن ئەوەی ناپاكی كردبێت و دژی سەربەخۆیی بێت و جاشی دوژمن بێت، میللەتان چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە؟