Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: پێویستە هاوكاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بكرێت

 

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان، ڕایگەیاند، پێویستە دۆسیەی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان بە هەماهەنگیی گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕێوە بچێت، بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستە هەرچی زووتر كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بكرێت.

مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 19/4/2018 پێشوازیی لە ژەنەڕاڵ وۆلتر پایێت،  فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.

لەم دیدارەدا، دواپەرەسەندەكانی ناوچەكە و پێشخستنی زیاتری میكانیزمی هەماهەنگیی دوولایەنە لە پێناو رێگری لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم، گفتوگۆیان لەسەر كرا.

مەسروور بارزانی، فراوانبوونی چالاكیی تیرۆریستانی لە هەندێ ناوچەی سووریا و عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە زەنگێكی مەترسی زانی و ئاماژەی بە ئەوە كرد كە، پێویستە دۆسیەی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەماهەنگیی گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕێوە بچێت، بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستە هەرچی زووتر كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بكرێت.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژەی بە پێویستیی پاڵپشتی و هاوكاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە وەك هێزێكی دەستووری و كارای مەیدانیی ناوچەكە كرد.

لە بەرانبەردا، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان رۆڵی هەرێمی كوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بە كاریگەر پێناسە كرد و دووپاتی كردەوە، كە هێزەكانی هاوپەیمانان لە هاوكاری و مەشقی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.