Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی و یان كۆبیش، پرۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوو كرد

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای تاوتووكردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق، جەختیان لە گرینگیی چارەكردنی هەموو كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگەوە، كردەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 18/4/2018، پێشوازیی لە یان كۆبیش، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارێكدا، هەردوولا پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان تاوتووكرد و، تیشكیان خستە سەر بەشداریی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا و هیوای سەركەوتنیان بۆ هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا خواست.

پێشهاتەكانی دیالۆگی هەولێر ـ بەغدا، كاری لیژنەكانی نێوان هەردوولا و ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا لەو بارەیەوە نراون لە كردنەوەی فڕۆكاخەكانی هەرێمی كوردستان و ناردنی بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی دیالۆگ، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو، كە تێیدا جەختیان لە گرینگیی چارەكردنی هەموو كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە كردەوە.

لە دیدارەكەدا دۆخی عێراق و ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆر و چەند پرسێكی دیكەیش، تیشكیان خرایە سەر.