Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئەمەریكا، گفتوگۆكانی هەولێر- بەغدا بەرز دەنرخێنن

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی ئەمەریكا، لە دیدارێكدا گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدایان بەرز نرخاند و، شاندەكەیش دووپاتیان كردەوە كە لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن و، گرینگیی زیاتر بەو پەیوەندیانە دەدەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 17/4/2018، پێشوازی لە برێت مەكگۆرگ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد، كە لە دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، ئەندرۆ پیك، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران، كین گرۆس، كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و چەند دیپلۆماتكارێك پێك هاتبوو.

لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی میوان دەستخۆشییان لە هەنگاوەكانی دەستپێكردنی دیالۆگی هەولێر ـ بەغدا كرد كە بووە هۆكاری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان و كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم و ناردنی بەشێك لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها هیوایان خواست هەردوولا گفتوگۆی زیاتر بۆ گەییشتن بە چارەسەری تەواوی كێشەكان ئەنجام بدەن.

شاندەكەی ئەمەریكا، دووپاتی كردەوە كە لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن و گرینگی و پەرەی زیاتر بەو پەیوەندیانە دەدەن.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانە و پشتگیریی ئەمەریكای بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا كرد و، جەختی كردەوە كە دیالۆگ تاكەڕێگەچارەی كێشەكانە و ئامادەییی هەرێمی كوردستانی بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ و دیالۆگ نیشان دا.

بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان گرینگییەكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا دەدات و، هەموو ئاسانكارییەكیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، دۆخی ناوچەكە و عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، خرانە بەر باس و گفتوگۆوە.