Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە کۆنگرەی لاوانی سیاسیی ئەورووپادا باسی پێشمەرگەی کوردستان و ڕیفراندۆم کرا

مۆنتینیگرۆ -KDP.info-  لە ٢٦مین کۆنگرەی لاوانی سیاسیی ئەوروپادا کە لە شاری پەتگۆریچا، پایتەختی وڵاتی مۆنتینیگرۆ، ئەنجام درا، باسی پێشمەرگەی کوردستان و ڕیفراندۆم کرا.

لە شاری پەتگۆریچا، پایتەختی وڵاتی مۆنتینیگرۆ، ٢٦مین کۆنگرەی لاوانی دیموکراتی ئەورووپا دەستی پێ کرد. فەلاح حەسەن، جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان، کە لاوێکی کوردە، وتاری لاوانی جیھانی پێشکەش کرد و باسی دواین ڕەوشی سیاسیی ھەرێمی کوردستانیشی کرد و، لە وتارەکەیدا باسی لەو گۆڕانکارییە سیاسییانە کرد کە لە دوای ڕژێمی سەددام بەسەر خەڵکانی عێراق و بەتایبەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە.

لە درێژەدا تیشکی تەواوی خستە سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە دلێرانە دژی داعش و تیرۆریستان بوونەوە و سەرکەوتنی مەزنیان تۆمار کرد بۆ گەلانی کوردستان و جیھان.

لە ھەڵبژاردنی دەستەیەکی تازەی سەرکردایەتیی لاوانی سیاسی ئەورووپا بۆ ماوەی ٣ ساڵی داھاتوودا، ئەم لاوە کوردەش، شانبەشانی لاوانی سیاسیی وڵاتانی ئەورووپا لە کۆنگرەکەدا کاندیدە بۆ سەرکردایەتیی لاوانی سیاسیی ئەورووپا، کە بڕیارە بەیانی ھەڵبژاردن لە کۆنگرەکەدا ئەنجام بدرێت.

شایەنی باسە، فەلاح حەسەن لەسەر پشکی لاوانی سیاسیی جیھان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان خۆی کاندید دەکات.