Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیمانگەی کوردستان: پارتی بڕیارێکی دروستی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن لە کەرکووک دا

هەولێر-KDP.info-  نوێنەرێکی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئاڵۆزی کەرکووک و دەشڵێ، بەدەم تانک و زرێپۆشەوە خەڵک ناچێتە ھەڵبژاردنەکان. بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان نەیشاردەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارێکی دروستی دا بۆ بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن لە کەرکووک.

ئەمیرە زەنگەنە، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەو ئاڵۆزییەوە ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک زۆر بێمانایە، چۆن دەبێت ھاووڵاتی لەجیاتی ئەوەی لە کەشێکی ئارامدا ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکات، لە ماڵی خۆی بێتە دەرەوە تانک و زرێپۆش لەبەرچاوی بێت، زەحمەتە پڕۆسەکە وەک خۆی بەڕێوە بچێت، لەبەر ئەوەش، پێمان وایە پێویستە بەر لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو ڕەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە."

نسرەت سۆفی، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکانیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لە کەرکووک ھەیە دەسەڵاتێکی سەربازیی بێمانایە و ڕەوشی ناوچەکە بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردن گونجاو نییە، چونکە ئیدارەی سەربازیی شارەکە ھەندێک ڕێوشوێنی توندی داناوە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆپاگەندای ھەڵبژاردنەکان کە نابێ لە شەودا پڕۆپاگندا بکرێت و ئاڵای کوردستان قەدەغە کراوە."

سۆفی ئەوەیشی نەشاردەوە کە نابێ کورد بێدەنگ بێت لە ھەمبەر ئەو  ڕێکارانەی لە کەرکووک گیراونەتەبەر بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و ھەڵمەتی بانگەشەکردن و دەشڵێ: "پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارێکی دروستی دا لەوەی لە کەرکووک بایکۆتی ھەڵبژاردنەکان بکات، چونکە بەو ڕەوشەی شارەکەی تێدایە ھەڵبژاردن ھیچ واتایەک نابەخشێ و ئاستەنگی زۆر دروست دەکرێت."

قائید میرۆ