Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمسیۆن: پێویستە لایەنێکی جیهانی چاودێری هەڵبژاردنی دەشتی نەینەوا بکات

دەشتی نەینەوا -KDP.info- سەرۆکی فەرمانگەی نەینەوای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەڵیت، ئەگەر لایەنێکی جیهانی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی دەشتی نەینەوا نەکات، پێشێلکاری ڕوو دەدەن.

 

بریارە لە ١٢-٥-٢٠١٨ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچن و ئەمرۆش بانگەشە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەستی پێ کردووە. سەعید جردۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پێویستە لایەنێکی جیهانی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی دەشتی نەینەوا بکات، چونکە ئێستا حەشدی شەعبی لێێ دەسەڵاتدارە و دەترسین ئەوان گوشار لە خەڵک بکەن دەنگ بە پاڵێوراوەکانی شیعە بدەن."

 

جردۆ ئاماژەیشی دا: "بە پێی زانیارییەکانمان حەشدی شەعبی پاڵێوراوی خۆیان لەم دەشتە هەن و لەم دەشتە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و عەرەبی سوننە هەن و، کەس دەنگ بە ئەوان نادات، ئەگەر گوشار لە خەڵک نەکەن."

 

سەرۆکی فەرمانگەی نەینەوا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گوتێشی: "ئەگەر لایەنێکی جیهانی چاودێریی کردبا لە دەشتی نەینەوا و دەوربەری کورد لەو ناوچانە دەنگی زیاتری دەهێنا، چونکە خەڵک زۆر بێزار بووە لەم هێزە."

 

جردۆ گوتیشی: "٣٦١ هەزار دەنگدەر لە سنووری مووسڵ بۆ ڕیفراندۆم مافی دەنگدانیان هەبوو، هەندێک دەنگدەر گواسترانەوە سەر کۆمسیۆنی دهۆک، ئەویش لەبەر ئاوارەبوونیان بۆ دهۆک، ئەگەر پێشتر بوایە ژمارەی دەنگدەری ناوچە کوردستانییەکانی نەینەوا زیاتر بوون."

 

لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان ٦ کورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو لە پارێزگای نەینەوا. پەیوەست بەمەش، عیسمەت ڕەجەب، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نەینەوا تەواو كردووە و بە پێی بەدواداچوون و كاركردنی خۆمان، پارتی لە مووسڵ حەوت تا هەشت كورسیی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر دەكات".

 

کـــاروان بـــــاعەدری