Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاكسیۆنی پارتی: مەترسی هه‌یه‌ و پێویسته‌ كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بكرێت

 

هەولێر-KDP.info- فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان ساز بكرێت، تا بە زووترین كات یاسای چاكسازی مووچە و خانەنشینی تێپەڕێت، هاوكات ڕایشدەگەێنێت، بەپێی یاساكە، پاشەكەوتی مووچە نامێنێت.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئومێد خۆشناو، ڕایگەیاند: "بە مەترسی دەزانین یاسای چاكسازیی مووچە و خانەنشینی دەستیدەستی پێ بكرێت، ئێستا هەست بە بوونی هەوڵێك بۆ "موماتەڵەكردن" بەو یاسایە دەكرێت".

خۆشناو، هەروەها هێمای بۆ هەوڵەكانیان كرد، كەوا فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان بگەنە ڕێككەوتنێك لەسەر پڕۆژەیاساكە، بەڵام تاوەكوو ئێستا جیددیاتێك لە تێپەڕاندنی یاساكەدا نابینن، بۆیە دوو داوایان هەیە، بە فەرمی داوا لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، كەوا سبەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكفڕاكسیۆنەكان بۆ گەییشتن بە ڕێككەوتن لەسەر تێپەڕاندنی یاساكە بكرێت، هەروەها یادداشتێكیشیان پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە و داوایان كردووە، كەوا لە ماوەی حەفتەیەكدا پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجام بدات بۆ دەركردنی یاساكە بە زووترین كات، چونكە ترسیان لەوەیە كەوا یاساكە بخرێتە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە.

لە درێژەی كۆنفڕانسەكەدا، خۆشناو گوتیشی: "فڕاكسیۆنی پارتی ئامادەن تاوەكوو گەییشتنی نەمانی خانەنشینی بۆ پەرلەمانتاران، پشتیوانی لەو یاسایە بكەن و، دەشڵێ: "پشتیوانی لە پڕۆژەكەی حكوومەت دەكەین، داوای بەركاركردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراقی كراوە بۆ پلە تایبەتەكان، ئەمەیش خراپ نییە".

روونیشی كردەوە، بە هۆی یاسای چاكسازیی مووچە و خانەنشینییەوە، پاشەكەوتی مووچە نامێنێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پابەند دەكرێت مانگانە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات.

 

خێڵان بەختیار