Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاكسیۆنی پارتی داوا دەكات، هەرچی زووترە پڕۆژەیاسای چاكسازی تێپەڕێندرێت

 

هەولێر-KDP.info-  وا بڕیارە، سبەینێ لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆ ببنەوە و پەرلەمانتارێكی پارتییش داوا دەكات بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، پڕۆژەیاسای چاكسازی هەرچی زووترە تێپەڕێندرێت.

پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە، خانەنشینی و دەرماڵەكاندا، لە 24 ماددە پێك هاتووە، كە بە پەسندكردنی مانگانە نزیكەی 150 ملیار دینار بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە، بە دووبارە پەسندكردنیشی لە پەرلەمان حكوومەت رایگەیاندووە، پاشەكەوتی مووچە نامێنێت.

ڤەمان فەیسەڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە دواكۆبوونەوەدا، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فڕاكسیۆنەكان، گەییشتینە ئەو بڕیارەی كە لەگەڵ حكوومەتدا كۆ ببینەوە و بە باشتربوونی ڕەوشی حكوومەت، دەتوانێت یاسای عێراق جێبەجێ بكات، كە بڕیار وایە بەیانی دووشەممە حكوومەت و سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لەگەڵ هەر دوو لیژنەی یاسای و دارایی لەسەر پڕۆژەی چاكسازی كۆ ببنەوە".

فەیسەڵ گوتیشی: "هەڵوێستی ئێمە وەكو فڕاكسیۆنی پارتی ئەوەیە، كە بە هەر شێوەیەك بێت ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بە زووترین كات پەسەند بكرێت، جا بە هەر شێوەیەك بێت، بۆیە دەبێت پێش هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی مووچەخۆران لە پاشەكەوتی مووچە ڕزگار بن، بۆیە هەڵوێستی فڕاكسیۆنی پارتی، هەڵوێستێكی نەگۆڕە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، لەگەڵ ئەوەی پەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان، هیچ پەیوەندییەكی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە".

ڕابین شێروانی