Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێكهاتەكانی كەركووك، هەڕەشەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان دەكەن

 

كەركووك-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی دەڵێ، لە كەركووك پێكهاتەكان كۆمەڵێك داواكارییان لەبارەی  دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە پێشكەشی ئیدارەی شارەكە كردووە، ئەگەر بۆیان جێبەجێ نەكرێت، بایكۆتی هەڵبژاردنەكان دەكەن.

 لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، دۆخی ئەمنیی شارەكە بەردەوام لە خراپبووندایە و شارەكەیش بەسەربازی كراوە و كوشتن و دزین و رفاندن لێی بەردەوامە، لە ئێستایشدا بە هۆی خراپیی دۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، خەڵكی زۆر ناڕازییە و، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش لەو شارە دەستی پێ كردووە ولایەنە كوردیەكانیش جگە لە پارتی، بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا دەكەن لە كەركووك.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی، عەدنان كەركووكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لە سنووری كەركووك لە دوێنێوە لەلایەن بەشێك لەلایەنە كوردییەكانەوە دەستیان پێ كردووە و، ئەمڕۆیش ئەوانەی دیكە دەستیان پێ كرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەك رێگە بە هیچ كەسێك نادرێت ئاڵای كوردستان بەكار بێنن و لە بانگەشەكانیشدا هیچ سیمایەكی كوردستانی بەدی ناكرێت".

كەركووكی گوتیشی، دژەتیرۆری عێراق سەرپەرشتیی دۆخی ئەمنیی  شارەكە دەكات و، هێزێكی زۆری عێراقییش رەوانەی شارەكە كراوە و لە ژێر سەرپەشتیی ئەواندا بانگەشە بەڕێوە دەچێت .

ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی لە كەركووك بە ناوی خەڵكی شارەكەوە لە هەر سێ پێكهاتەكان، كۆمەڵێك داواكارییان ئامادە كردووە لەبارەی خراپیی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە شارەكەدا و داویانە بە ئیدارەی شارەكە و هەڕەشەی ئەوەیان كردووە كە، ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێن، بایكۆتی هەڵبژاردنەكان دەكەن، ئیدارەی شارەكەیش تائێستا وەڵامی ئەوانی نەداوەتەوە و بڕوایش ناكەم وەڵامیان بداتەوە".

دەشڵێ: "ئەگەر وەڵامی داواكاریی خەڵكەكە نەدەنەوە كە نوێنەری هەموو پێكهاتەكانن، رەنگە بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەن، چونكە دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی شارەكە زۆر خراپە و خراپتریش دەبێت".

 

بڵند ئیبراهیم