Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پاشەكەوت و هەڵبژاردن

ئاریان فەرەج
ئەو دەمەی حكوومەت بە ناچاری سیستمی پاشەكەوتی پەیڕەو كرد، هاوكات راشیگەیاند هەر كاتێك داهات باش بوو، چاو بەو سیستمەدا دەگێڕێتەوە. راستە ئەو چاوەڕوانییە درێژەی كێشا و خەڵك لە بن باری ئەو رەوشە نەخوازراوەدا بە تەواوی ماندوو بوون و سەبرو تەحەمولیان نەما، بەڵام دواجار كاتی چاكردنەوەی مووچە هات و هەر پێش نەورۆزیش حكوومەت رایگەیاند كە نزیكین لە كۆتایی قەیران. بڕیاریش وایە ئەم هەفتەیە حكوومەت خشتەیەكی نوێ بۆ مووچەی داهاتوو راگەیەنێت و هەرچی پێبكرێت بۆ سوككردنی باری شانی خەڵك درێغی نەكات.
پرسیار ئەوەیە: ئایا لە كاتێكدا پاشەكەوت بەرەو چارەسەرە و پێشبینی بەم زووانە باشبوونی گوزەران و ئابووری دەكرێت، ئەدی بۆ ناڕەزایی و خۆپیشاندان فروان و توندتر دەبن؟ ئایا ئەوە خەڵك و مووچەخۆرانن كە لانی كەم لە شارەكانی هەولێر و دهۆك ئەو كاتەی هیچ ئومێدێك بۆ چاككردنی مووچە لەئارادا نەبوو، دانیان بەخۆیاندا گرتبوو، كەچی كە چاكبوونی مووچە و كەمبوونەوەی پاشەكەوت نزیك دەبێتەوە، ئینجا دەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەكەن، ئایا دەكرێ بەم لێكدانەوە نالۆژیكییە قەناعەت بكەین و بڵێین ئەوەی رووی دا خۆپیشاندانی خۆڕسكانەی مووچەخۆران بوو، یان دەست و مەبەست و ئەجیندایەكی دیكە لە پشتی ئەم ناڕەزاییە ناوەختەوە خۆی مەڵاس داوە؟.
لە راستیدا سیستمی پاشەكەوت كە كراوەتە بەهانە و قۆستراوەتەوە بۆ خۆپیشاندان و ئاژاوە، بەرەو كۆتاییە، بەڵام ئەوەی نزیك بۆتەوە هەڵبژاردن و پرۆپاگەندەی ئینتخابییە. ئەوەی لە هەولێر رووی دا نمایشی ئەو هێز و حزب و گرووپانە بوو كە بۆ سواڵی دەنگ دەنگ، جگە لە سواربوونی شەپۆلی خەڵك و قۆستنەوەی ئازاری میللەت، قەت هیچ بەرنامەیەكی دیكەیان شك نەبردووە. ئەوەی رووی دا نمایشی ئەو حزبانەن كە لە هەڵبژاردن تۆقیون و دەیانەوێ رەوشەكە بشێوێنن و نەكرێ، یان ئەگەر هەر كرا، وەك نەریتی هەمیشەیییان بكەونە خۆ بە خەڵكدا هەڵواسین و شین و شەپۆڕی درۆزنانە بۆ ماشینەوەی دەنگەكانیان. دەنا ئەم هەموو نوێنەر و كاندیدە دووڕوو و درۆزن و گیرفان گەرم و مه‌عاش فولانە، چییان دەكرد لە نێو خۆپیشاندەراندا!.
ئەو حزبە مونافیقانەی دوێنێ خۆیان لەناو خۆپیشاندەراندا دەنواند و دەیانویست نان و پیاز بە مەینەتیی موچەخۆرانەوە بخۆن، هەر خۆیان بوون دەست و قاچی عەببادییان ماچ دەكرد تا مووچە نەنێرێ و قەیران بەردەوام بێ و پێیان دەگوت: گەر مووچە بنێری، حكوومەتی هەرێم ناڕووخێ و كوردستان قیت دەبێتەوە. ئاخر تیجارەتی سیاسیی ئەوان لە بەردەوامیی قەیران و ناڕەحەتیی خەڵكدایە، گەر وەزع باش بێت، زمانیان كورت دەبێتەوە و كەس هیچ بە كڵاویان ناپێوێ. هەر خودی ئەمانە گەندەڵترین بەشدارانی نێو حكوومەت و دامودەزگاكانی بوون، تا حكوومەت پارەدار بوو، نانخۆری سەرسفرە بوون و كە قەیرانیش بەرۆكی گرتین، بێ مروەتانە شانی خۆیان تەكاند و لە مەسئولیەت رایانكرد و ناویان لە خۆیان نا بەرەی گەل. ئەحزاب و كەسانی ئەوها فاشل و بودەڵە گەر خۆ بە خەڵكدا هەڵنەواسن و درۆ و چەواشەكاری نەكەنە پەیڕەو، بە چ دەسكەوت و هەڵوێستێكی سیاسیی جوانەوە دەتوانن دەنگ كۆ بكەنەوە!.
هەراشبوونی ئەم گرووپانە و خۆنواندنیان بە ناوی قەیرانی مووچەوە لە كاتێكدا قەیرانی مووچە بەرەو چارەسەر دەچێت، هەڵپەی درەنگوەختی قۆستنەوەی كۆتاییی قەیرانەكەیە بۆ دەنگ كۆكردنەوە چونكە هەڵبژاردن نزیك بۆتەوە، دەنا چەند عەببادی لە خەمی گوزەرانی خەڵكی كوردستاندایە، ئەوانیش هەر هێندە.