سیروان كاكه‌یی
پاش رووداوه‌كانی(16)ـی ئۆكتۆبه‌ر، گۆڕانكاریی گه‌وره به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هات و زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه مادده‌ی (140)ـی ده‌ستوور ده‌یانگرێته‌وه، كه‌وتنه ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی حه‌شدی شعبی و سوپای عێراقی و بارودۆخێكی ناهه‌موار و ناجێگیر هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی گرته‌وه.
گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌و هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه ئێستا فه‌رمانڕه‌وایی له‌و ناوچانه ده‌كات هێز و ده‌سه‌ڵاتێكی نامۆیه به‌و خه‌ڵكه، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش رانه‌هاتووه ئه‌و جۆره ژیانه له دوای رووخانی رژێمی به‌عس به‌سه‌ر به‌رێت، هه‌ربۆیه‌ش حكوومه‌تی به‌غدا ناتوانێت تاسه‌ر به‌رده‌وامی به‌و شێوازه‌ی كاركردنه له‌و سنوورانه بدات له كاتێكدا كه باس له جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ده‌كات و خۆیشی باش ده‌زانێت كه ئه‌و ناوچانه ئاسایشی تێدا به‌رقه‌رار نابێت ئه‌گه‌ر بێت‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و ژیانی خۆیان و مادده‌ی (140) جێبه‌جێ نه‌كرێت، بۆیه حكوومه‌تی به‌غدا ناچاره ئه‌و بار و دۆخه ئاسایی بكاته‌وه و به درێژاییی مێژوویش، عێراق وه‌كوو ده‌وڵه‌تێك له رۆژی دامه‌زراندنیه‌وه، هه‌رگیز سه‌قامگیر نه‌بووه له سایه‌ی نكۆڵی‌كردن له مافه ره‌واكانی گه‌لی كوردستان و هه‌میشه كه‌ركووك چه‌قی ململانێ بووه و هه‌ر ده‌مینێت تا یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه، بۆیه كه‌ركووك پارویه‌كی ئاسان نییه و یاریه‌كه‌ش كۆتایی نه‌هاتووه و ناوچه‌كه به گشتی له گۆرانكاریدایه و به‌شێكی زۆری ئه‌و ململانێ نێوده‌وڵه‌تی و كێشمه‌كێشه هه‌رێمایه‌تیه له سه‌ر خاكی سوریا و عێراق به‌رێوه ده‌چێت و یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه .
ئه‌گه‌رچی له ئیستادا له هه‌موو لایه‌كه‌وه گه‌ل و خاكی كوردستان به شێوازی جۆراو جۆر په‌لامار ده‌درێن له ئه‌نجامی زۆر هۆكار كه یه‌كێك له‌وانه یه‌كگرتنه‌وه‌ی به‌ژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌یارانی گه‌لی كوردستانه و له سایه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی وڵاته زلهێزه‌كان له ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه تا سه‌ر به قازانجی ئه‌و لایه‌نانه ته‌واو نابێت كه له ئێستادا خۆیان به‌سه‌ركه‌وتوو ده‌زانن .
له لای هیچ كه‌س و چاودێرێك شاراوه نییه كه هه‌ریه‌كه له وڵاتانی توركیا و ئێران به هاوكاریی رووسیا و له سایه‌ی نه‌بوونی ئیستراتیجیه‌تی پێشوه‌خته و دره‌نگ به‌خۆكه‌وتنی ئه‌مریكا، رۆڵێكی گه‌وره و كاریگه‌ریان له رووداوه‌كانی ناوچه‌كه گێڕاوه وتا ئێستایش به‌رده‌وامن له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به داخوازییه‌كانی گه‌لی كوردستان، به‌ڵام هه‌ریه‌كه له‌و دوو وڵاته دووچاری چه‌ندین كێشه و گرفتی گه‌وره‌ن و، ره‌نگه له ئاینده‌یه‌كی نه چه‌ندان دووردا زۆر له‌و كێشانه به‌جۆرێك گه‌وره ببنه‌وه و ببێته مایه‌ی له ده‌ستدانی زۆر له ده‌سه‌ڵات و هه‌یبه‌تیان له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌زموونی گه‌لان و ناوچه‌كه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه هیچ بارودۆخێك له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌یتوانیوه تاسه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌سایه‌ی كایه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی له ناوچه‌كه‌دا و ئه‌مه له كاتیكدا رووده‌دات كه ناكۆكی و ململانێکانی نێوان هه‌ریه‌كه له ئه‌مریكا و رووسیا له لایه‌ك، ئه‌ورووپا و رووسیا له لایه‌كی تره‌وه ده‌چێته قوناغێكی دژواره‌وه .
له‌دوای ده‌ستتێوه‌ردانی راسته‌وخۆی رووسیا له كاروباری سووریا له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سه ربازی و دیپلۆماسی له ئه‌نجامی سیاسته راڕاییه‌كانی ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مریكا له سه‌رده‌می باراك ئۆباما، تەرازووی هێز به لای رووسیادا شكایه‌وه و له ئیستادا بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی گه‌وره‌ی ئیداره‌ی دوناڵد ترامپ، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر خاكی سووریاوه جارێكی تر ئه‌مریكا خه‌ریكی خۆرێكخستنه‌وه و شوێنپێ قایمكردنه و هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌و لاسه‌نگییه ده‌دات و، ورده ورده سیمای ئه‌و سیاسته نوێیه‌ی له ناوچه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه و بووه‌ته مایه‌ی نیگه‌رانی بۆ هه‌ریه‌كه له رووسیا و ئێران و توركیا .
نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا له رووسیا و ئێران، نیگه‌رانییه‌كی زۆری بۆ ئه‌مریكا و په‌یمانی ناتۆ دروست كردووه، هه‌روه‌ها نیگه‌رانیی یه‌كێتیی ئه‌ورووپایشی لێكه‌وته‌وه سه‌باره‌ت ئاڵۆزكردنی ناوچه‌كه له دوای په‌لاماردانی عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه و ئه‌مه‌ش به ته‌واوی دیار بوو له دواكۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی سه‌رانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له نه‌ورۆزی ئه‌مسال له برۆكسل، هه‌ر بۆیه‌ش دوارۆژی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و رۆژئاوا به گشتی له‌سه‌ر زۆر ئه‌گه‌ر كراوه‌یه، ئه‌مه جگه له‌و كێشه تازه‌یه‌ی كه خه‌ریكه رۆژ له دوای رۆژ په‌ره ده‌سێنێت له نێوان توركیا و به‌شیكی وڵاتانی ئه‌ورووپایی له لایه‌ك و میسر و توركیا له لایه‌كی تره‌وه له‌سه‌ر فرمانره‌وایه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست كه بڕێكی یه‌كجار زۆر گازی سرووشتییان لێ په‌یدا بووه، هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی سعوودیا له زیادبوونی هزری (ئیخوان) له ناوچه‌كه‌دا له لایه‌ن توركیاوه و ده‌ستتێوه‌ردانی له ناوچه‌ی كه‌نداو و پشتگیریكردنی وڵاتی قه‌ته‌ر كێشه‌یه‌كی تری وڵاتی توركیایه .
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌نداره به ئێرانه‌وه وا دیاره سه‌پاندنی سزای ئابووری له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئێران دروست كردووه و ره‌نگه ره‌وشه‌كه زیاتر ئاڵۆز بێت له دوای له‌كارلادانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و گۆڕینی به (مایك پۆمپیۆ) كه به كه‌سێكی توندڕۆ به‌رامبه‌ر به ئێران و دۆسیه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ناسراوه، به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا تا گه‌یشته گۆڕینی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و دانانی (جۆن بوڵتن) وه‌كوو راویژكار كه ئه‌ویش به توندڕۆیێكی سه‌رسه‌ختی دژ به ئێران ناسراوه، ئه‌مانه هه‌مووی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ زیاتر گوشار خستنه سه‌ر ئێران و ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌شی له رێكکه‌وتنی ئه‌تۆمی (5+1) له ئارادایه و، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه وڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا بیر له سه‌پاندنی سزای زیاتر بكه‌نه‌وه بۆ سه‌ر ئێران .
ئه‌مریكا جگه له دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی، نیگه‌رانییه‌كانی خۆی له چالاكییه‌كانی ئێران نه‌شاردووه‌ته‌وه چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ستتێوه‌ردانی له كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه و چ له‌سه‌ر ئاستی په‌ره‌پێدان به مووشه‌كه دوورهاوێژه بالیستییه‌كانی .
جموجۆڵه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه ساڵی (2018) ساڵێكی پڕ له رووداوی دژوار ده‌بێت و گوڕانكاری به‌سه‌ر تەرازووی هێزدا دێت له‌م ناوچه‌یه .
یه‌كێكی تر له‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه جێگه‌ی بایه‌خه ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه، كه بریار وایه له ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچێت كه هه‌ستیارییه‌كی زۆری بۆ هه‌موو لایه‌ك دروست كردووه و ئه‌مریكایش به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌و هه‌ڵبژاردنه چونكه به‌شێكه له‌و فاكته‌رانه‌ی كه كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ئیستراتیجیه‌ته‌ی كه به نیازه له ناوچه‌كه‌دا پیاده‌ی بكات .
ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆر هه‌ستیارن و كه‌سایه‌تیی ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست، جێگه‌ی بایه‌خی ئه‌مریكایه و ئه‌وه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وه كه ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق خۆی له هه‌ژموونی ئێران دوور بخاته‌وه، ئه‌مه له كاتێكدایه كه به‌شێكی زۆر له‌و گرووپ و لایه‌نانه‌ی ناو حه‌شدی شه‌عبی دژایه‌تیی خۆیان نه‌شاردووه‌ته‌وه له بوونی ئه‌مریكا له عێراق و ناوچه‌كه و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقدا رۆڵی كاریگه‌ر ده‌گێڕن، هه‌ربۆیه‌ش له قۆناغی داهاتوودا عێراق له‌به‌رده‌م چه‌ندین ئه‌گه‌ری كراوه‌دایه و ره‌نگه قۆناغێكی تری ئاڵۆزی گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق بگرێته‌وه و سه‌ر له‌به‌ری بارودۆخه‌كه بگۆڕێت، هه‌ر بۆیه‌ش حكوومه‌تی به‌غدا له‌به‌رده‌م دووڕێیانێكدایه، یان ده‌بێت بارودۆخی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تر ئاسایی بكاته‌وه بۆ پێش رووداوه‌كانی (16)ـی ئۆكتۆبه‌ر و زه‌مینه‌سازی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ری بكات، یانیش بارودۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌بێته مایه‌ی دروستبوونی ئاڵۆزیی پێشوه‌خته و ره‌نگه هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك پێویست به‌ڕێوه نه‌چن .
بارودۆخه‌كه به هه‌ر لایه‌كدا بكه‌وێته‌وه، سه‌رئه‌نجام ناوچه‌كه به‌ره‌و گۆڕانكاری ده‌ڕوات، ئه‌گه‌رچی ئارام و له‌سه‌رخۆ دیاره، به‌ڵام به‌ڕێوه‌یه .