Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێزدییەکان لە هەڕەشەی تورکیا بۆسەر شنگال نیگەرانن

شنگال-KDP.info- بەرپرسە ئیداری و سەربازییەکانی شنگال دەڵێن، ئێستا ژیانمان لە مەترسیدایە و قائمقامی شنگال دەڵێت، دوور نییە تورکیا هاوشێوەی عەفرین بێتە نێو شنگال.

رۆژی دووشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەبارەی چوونی هێزەکانیان بۆ ناو عەفرین ڕایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە درێژەی هەیە و شەوێک بە نهێنی دەچینە نێو شنگال، ئەم لێدوانەی ئەردۆغان بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی شنگالییەکان. لەو بارەیەوە، قاسم شەشۆ، کە ئێستا لە چیای شنگالە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: " لە دوای لێدوانەکی ئەردۆغان خەڵک لە ڕەوشێکی زۆر خراپدایە و هیچ جێگایەک نییە ئێزدییان ڕووی تێ بکەن، چونکە حەشدی شەعبیش ڕێگە نادات ئێزدییان بێنە دهۆک و ڕێگایان بەسەردا داخستوون، خەڵک لە شنگالدا دوورپێچ کراون."

 

ئەو، کە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی شنگالە دەشڵێ: ''ئێستا ئەم هێزانە بوونەتە کێشە بۆ خەڵک و بە هیچ شێوەیەک شنگال بەجێ ناهڵین، هەر تەنیا ئێزدییان دەبنە قوربانیی سیاسەتی ئەم هێزانە."

 

چەندین جار بەرپرسە باڵاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە، ناکرێت پەکەکە شنگال بکاتە قەندیلی دووەم و هەرجێگایەک ئەوانی لێ بن، ئێمە لە ناوی دەبەین.

 

هاوکات قایمقامی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی گوت: ''ئێستا ئێزدییان لە ترسێکی زۆر گەورەدان، ئێمە چەندین جار بە ڕێگای ئاشتییانە داوامان لە پەکەکە کرد شنگال بەجێ بهێڵن بۆ ئەوەی ئێوە نەبنە بیانوو کە وڵاتێکی وەک تورکیا هێڕشمان بکاتە سەر، بەڵام ئەوان گوێیان بە ئێمە نەدا، ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵیش مۆڵەتی دابووە هێزە چەکدارەکان کە ئەم ناوچەیە بەجێ بهێڵن، بەڵام هەر گوێیان بە هیچ لایەنێک نەدا."

 

مەحەما خەلیل ئاماژەیشی دا: "ئێستا ئێمە لە ترسێکی گەورەداین و دەترسین سیناریۆی عەفرین لێرە دووبارە بێتەوە، چونکە ئەو عەرەبانەش هەموو پشتگیری هێزە ئیسلامییەکانی سەر بە ئەردۆغان دەکەن."

 

 

کــاروان باعەدری