Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕۆژانە زیاتر لە 3 هەزار گەشتیار لە حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەرێم

سۆران-KDP.info- سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە زۆرترین ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت، بۆ ئەوەی ئەمساڵ زۆرترین گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، هەر بۆ ئەو مەبەستە تەنیا لە سنووری دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە ڕۆژانە زیاتر لە 3 هەزار گەشتیار دێنە هەرێمی كوردستان، دەستەی گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەكارییەكی باشی كردووە بۆ جەژنی نەورۆز، كە چاوەڕوان دەكرێت ژمارەی گەشتیاران لەو نەورۆزەدا زیاتر ببن لەچاو نەورۆزەكانی ڕابردوو.

 

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز بە بڕیارێكی كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕسووماتی 25000 هەزار دیناری لەسەر گەشتیارانی هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی تا 1/4/2018 لادەبرێت، كە لە ڕێگەی خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانەوە دێنە هەرێمی كوردستان.

 

بەو هۆیەوە خاڵە سنوورییەكان لەوە ئاگادار كراونەتەوە ڕسوومات لە گەشتیارانی ئێرانی وەرنەگرن، لە كاتێكدا پێشتر بڕی 25 هەزار دینار لەو گەشتیارانە وەردەگیرا، ئەوەش وای كردووە كە ڕۆژانە تەنیا لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە زیاتر لە 3 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی كوردستان، ڕۆژانەش ئەو ژمارەیە ڕوو لە زیادبوونە.

 

نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ جەژنی نەورۆز ئامادەكارییەكی باشی كردووە، چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكان لە شارەكانی كوردستان كراون، بۆ ئەوەی لیژنە دروست بكەن و پێشوازی لە گەشتیاران بكەن، بۆ ئەو مەبەستە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان ئامادەكارییان كردووە و لیژنەیان دروست كردووە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران."

 

ڕۆستی گوتی: "كاری ئێمە بریتییە لەوەی كە چۆن بتوانین گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان بهێنین و چۆن بتوانین گەشتیار بكەینە سەرچاوەیەكی داهات، بۆ ئەوەی جوولە بە بازاڕەكان بدرێت و دۆخی ئابووری باشتر ببێت، بۆ ئەو مەبەستە چەند میكانیزمێك گیراونەتە بەر كە كاریان لەسەر بكرێت، بۆ هێنانی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان."

 

رۆستی ڕوونیشی كردەوە: "هەماهەنگی كراوە لەگەڵ بازگەكان بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ گەشتیاران بكرێت، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری داوە 25 هەزار دینار لە گەشتیارانی ئێرانی وەرنەگیرێت، ئەوەش كارئاسانییەكی باشە، كە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە كراوە، هەروەها هەماهەنگیمان لەگەڵ كەرتی تایبەت هەیە، بۆیە هیچ كێشەیەك نییە بۆ ئەوەی گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، لەگەڵ ئەوەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان و سنوورەكان وا دەكات كە ژمارەی گەشتیاران لەو نەورۆزەدا زیاتر ببن لە نەورۆزەكانی ڕابردوو، كە ئێستا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان."

 

لە لایەكی دیكەوە، بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "وەكو بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران ئامادەكارییەكی باشمان كردووە، تیمەكانی ئێمە هەموو شوێنە گەشتیارییەكانیان خاوێن كردوونەتەوە، شوێنە گەشتیارییەكان نۆژەن كراونەتەوە، لە ڕۆژانی نەورۆز ڕێنمایی بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەكەین، بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار بێت بۆ ناوچەكە، ئێستا ژمارەیەكی زۆر گەشتیار هاتوون لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە زۆرترین ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت، بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، تەنیا لە سنووری دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە ڕۆژانە بە هەزاران گەشتیار دێن بۆ هەرێمی كوردستان".

 

ڕابین شێروانی