Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاگەیەندراوێك لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ده‌رباره‌ى مووچه

هەولێر-KDP.info-  ‌سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بانکی ناوەندیی فیدراڵیی عێراق رەوانەی کردووە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەم روونکردنەوەی راگەیاند.

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی كە بە نووسراوی بانكی ناوەندیی فیدراڵیی عێـراق بە ژمارە (1638) لە 19/3/2018 فەرمانی خەرجكردنی دراوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و دواتریش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراقی فیدراڵ و گوتەبێـژی فەرمیی بەڕێزیان جەختیان لەسەر كردەوە، بە پێویستی دەزانین ئەم خاڵانەی خوارەوە بخەینە ڕوو:

1. حكوومەتی فیدراڵی بەپێی نووسراوی سەرەوە بە ئاشكرا ئاماژەی داوە كە خەرجكردنی بڕی (317) ملیار و (540) ملیۆن و (465) هەزار دینار بۆ شایستەی داراییی گشت مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، بە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگه‌یشەوە، نەك تەنها مووچەی تەواوی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی و حكوومەتی هەرێمی پابەند كردووە بەم شێوەیەی خوارەوە ئەم بڕە پارەیە خەرج بكات:
أ‌) بڕی (281) ملیار و (724) ملیۆن و (634) هەزار دینار بۆ گشت فەرمانبەر و كارمەندانی هەرێمی كوردستان جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە.
ب‌) بڕی (35) ملیار و (815) ملیۆن و (831) هەزار دینار بۆ مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە.
2. بەپێی تەرخانكراوی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی (الرعایة الإجتماعیة) لە هەرێمی كوردستان كە مووچەی خانەنشینانیش لەخۆدەگرێت، بڕی (1) تریلیۆن و (535) ملیار و (795) ملیۆن دینار تەرخان كراوە كە مانگانە دەكاتە نزیكەی (128) ملیار دینار، بەڵام لە نووسراوی سەرەوەی بانكی ناوەندیی عێراقیدا ئاماژەی پێ نەدراوە و فەرمانی خەرجكردنی نەدراوە.
3. سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران جەخت دەكاتەوە كە تەرخانكراوەكانی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان و سوودمەندانی كۆمەڵایەتی لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 كەمترە لە شایستەی داراییی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەنانەت بە پاشەكەوتیشەوە، بۆیە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان لە توانایدا نییە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەو تەرخانكراوانەی نێو بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 خەرج بكات، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.
4. بە ناچارییەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەو بڕە پارەیەی لە نووسراوی سەرەوەی بانكی ناوەندیی عێراقدا هاتووە، لەگەڵ داهاتی نەوت لە هەرێمی كوردستان، مووچەی پاشەكەوتكراوی مانگی (11)ی ساڵی 2017ی مووچەخۆرانی هەرێمی پێ دەدات و دواتر لەبەر ڕۆشناییی ئەم پێشهاتانەدا چاوخشاندنەوەی پێویست بە سیستمی مووچە و دابەشكردنی بەسەر مووچەخۆراندا دەكرێت بە ڕەچاوكردنی ئەو داهاتەی كە لەبەر دەست وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت.

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران
19/3/2018