Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوە دەدات و مووچەی چەند وەزارەتێكیش دابەش دەكرێت

 

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیێنێت، سبەینێ و دووسبەی، جگە لە مووچەی وەزارەتی پەروەردە، مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستی، شارەوانی و گەشتوگوزار، ناوخۆ، شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، زیندانیانی سیاسی، دارایی و رەگەزنامە دابەش دەكرێت.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێك لەسەر ناردنی مووچه لە بەغداوە لە راگەیاندنەكان، لێرەوە تەواوی زانیارییەكانتان پێ ڕادەگەیێنین.
سەرەتا سوپاسی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە توانییان بە پشوودرێژی لە قۆناخێكی سەختدا گفتوگۆیەكی بەرهەمدار ئەنجام بدەن و لەو رێگەیەوە بڕەپارەیەك لە بەغداوە بگاتە هەرێمی كوردستان، ئەمە دەستپێكێكی ئەرێنییە، بەڵام بڕی مووچەی هەرێمی كوردستان بە بێ پاشەكەوت ٩٠٠ ملیار دینارە و بە سیستمی ئێستای پاشەكەوتەوە پێویستمان بە ٥٩٠ ملیار دینارە، بۆیە هیوادارین بەغدا بەردەوام بێت لەسەر ناردنی مووچەی مانگانە.
١-دەقی نامەی بەڕێز سەرۆكی بانكی مەركەزی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری
اگلاق راتب لشهر واحد لموڤفی اقلیم كردستان

رواتب الاقلیم عدا البیشمركە       281,724,634
+
رواتب البیشمركە 35,815,831
=
مجموع رواتب الاقلیم مع البیشمركە          317,540,465
٢- ئەم بڕە (317,540,465) دینار بۆ مووچەی هەموو وەزارەتەكانە بە پێشمەرگەیشەوە، نەك تەنیا بۆ تەندروستی و پەروەردە.
٣- رۆژی ٢٠١٨/٣/١٩ دووشەممە لە لقی بانكی مەركەزی لە هەولێر پارەكە رادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەكرێت.

٤-وەزارەتمان بە راوێژ لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووشەممە و سێشەممە واتا ١٩ و ٢٠ی مانگ جگە لە مووچەی وەزارەتی پەروەردە، بەردەوام دەبین لە پێدانی مووچە و لەو بڕەپارەیە مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستی، شارەوانی و گەشتوگوزار، ناوخۆ، شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، زیندانییانی سیاسی، دارایی و رەگەزنامە دابەش دەكەین، هەروەها دوای نەورۆزیش تەواوی وەزارەتەكانی دیكە دابەش دەكەین.

٥-پاش نەورۆز، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بەو بڕەپارەیەی كە بەغدا دەینێرێ، هەروەها بە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت، لیستی مووچە رێك بخرێتەوە. هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ بۆ باشتركردنی بژێویی هاووڵاتیان و مووچەخۆران.