Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئه‌گه‌ر پۆمپیۆ ببێ به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌


هۆشیار سیوه‌یلی
ڕێکس تێلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان دەرکرا و مایک پۆمپیۆ کە بەڕێوەبەری CIAیە، لە لایەن سەرۆک ترامپەوە دەستنیشان کرا و گەر سەنەت (کە بە هەڵە بە ئەنجوومەنی پیران ناو دەبرێت) دەنگی لەسەر بدات، ئەوا لە مانگی چواردا دەبێتە وەزیری دەرەوە.
هەرچەندە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا زۆر کەم ڕوویداوە ئاوا خێرا و بەو شێوە نەشیاوە وەزیری دەرەوە بگۆڕێت، بەڵام هەراکە لەسەر ئەوە نییە، بەڵکو لەسەر کەسایەتی و سیاسەت و بۆچوونەکانی پۆمپیۆیە و لە هەموویشیان گرینگتر سیاسەتی بەرامبەر ئێران. هەرچەندە وەک باس دەکرێت کێشەی زۆر لە نێوان سەرۆک و وەزیرەکەیدا هەبووە، بەڵام زەقترینیان ناکۆکییەکانیان بووە لەمەڕ فایلی ناوکیی ئێران.
ترامپ دەیەوێت ڕێکكەوتنە ناوکییەکە هەڵبوەشێنێتەوە (بە پێچەوانەی هەموو ئەو وڵاتانەی شانبەشانی ئەمەریکا ئیمزایان کردووە)، یان دەستکاریی بکات لە ڕێگەی هەڕەشەی دەرچوونی ئەمەریکا لە ڕێکكەوتنەکە (کە ئەمە مەبەستە سەرەکییەکەیە). تیلەرسۆن لەگەڵ دەرچوونی ئەمەریکا نەبوو، ڕێكکەوتنەکەی لا باش بوو، لایشی وابوو ئێران پابەندە. ئایا کاریگەریی هەڵوێست و بۆچوونەکانی وەزیری نوێ لەسەر سیاسەتی دەرەوە چی دەبێت و تا چ ڕادەیەک مل بۆ سیاسەت و بۆچوونەکانی سەرۆک دەدات، دەبێ چاوەڕێ بین.
ئەوەی کەمێک ڕۆشنایی دەخاتە سەر سروشتی ڕەفتاری پۆمپیۆ و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە سێ ساڵی داهاتوودا، ئەو ستراتیژییەیە کە ئیدارەی ئەمەریکا بە ناوی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئامادەی کردووە و دژایەتیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین یەکێکە لە سیما دیارەکانی. ئەوەی دەکرێت پێشبینی بکرێت دەربارەی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران لە مەودایەکی نزیکدا بریتییە لە تەنگهەڵچنینی زیاتر بە ئێران، بەڵام زۆر زەحمەتە ترامپ بتوانێت ڕێکكەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە. ڕەنگە بکرێت لە هەندێک ڕووی ترەوە کێشە بۆ ئێران دروست بکرێ و دەستکاریی ڕێکكەوتنەکە بکرێت بە تایبەتی توانای ئێران بۆ زیاتر پەرەپێدانی مووشەکە بالیستییەکانی. ئێستا ئەورووپاییەکان لەگەڵ ئەمەریکا لە گفتوگۆدان بۆ پێشنیازکردنی هەندێک گۆڕانکاری لە ڕێكکەوتنەکە یان دانانی هەندێک سزا لەسەر ئێران. ئەگەر توانییان لەسەر ئەمە ڕێكبکەون، ئایا کاردانەوەی ئێران چۆن دەبێت و لە رێکكەوتنەکە دەکشێتەوە؟
ئەوەی جێگەی پرسیاری زۆر کەسە ئەوەیە، کە ئایا ئەم وەزیرە تازەیە گۆڕانکاریی بەرچاو لە سیاسەتی ئەمەریکادا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەهێنێتە ئاراوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاسان نییە و هەڵوێستەکانی داهاتووی ئەمەریکا بەندە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پێشهاتی ترەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە، هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا نایەت و، ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریی هەرێم لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا و ڕەنگە وەزیری نوێ، زیاتر لە گرینگی پێگەی هەرێم لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تێبگا. وەک هەمیشە پەیوەندییە نێوخۆییەکانی خۆمان و شێوازی حوکمداری و خۆبەڕێوەبردنمان کاریگەری لەسەر هەڵوێستی دەرەوە دەبێت بەرامبەر هەرێم.