Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"ئەوەی لە نێوان هەرێم و بەغدادا رووی داوە، سەرەتایەكە بۆ چارەكردنی كێشەكان"

 

هەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ باوەڕی وایە، چارەكردنی هەندێ كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، سەرەتایەكە بۆ ئەوەی كێشە بنەڕەتییەكان چارە بكرێن و دەشڵێ، ناڕازیبوونی كورد لەوەدایە، بەغدا بە گوێرەی دەستوور كار ناكات.

دكتۆر ساڵح مەلاعومەر، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، رەوشێك بەسەر هەرێمی كوردستاندا هات، بە شێوەیەك بوو كە بەغدا گوشاری زۆری خستە سەر هەرێمی كوردستان و هیچ وڵاتێكیش پشتگیریی هەرێمی كوردستانی نەكرد، رەوشەكە بە شێوەیەك مەترسدار بوو و هەوڵی زۆر درا هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سیاسی نەمێنێت، بەڵام بە هۆی دیپلۆماسییەتی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نێوخۆدا، توانرا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە  پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێنەوە دۆخی پێش ئۆكتۆبەر".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتیشی: "بە هۆی نەرمینواندنی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، توانی بەغدا ناچار بكات لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بگاتە رێككەوتن، بڕیاری ناردنی بەشێك لە مووچە و كردنەوەی فڕگەكان، سەرەتایەكە تا لەبری ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەرەو توندوتیژی بچێت، بەرەو دەستپێكردنی دانوستان و چارەكردنی كێشەكان دەچێت".

ساڵح مەلاعومەر ده‌شڵێ: "بە گوێرەی خوێندنەوەی بەندە، چارەكردنی هەندێ كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بە گوشاری نێودەوڵەتی نەبووە، بەڵكوو دەتوانم بڵێم بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بووە، ئەمەیش لە لێدوانی حەیدەر عەبادیدا دەركەوت كە چارەكردنی كێشەكان لە چوارچێوەی لێكتێگەییشتنی نێوان عەبادی و نێچیرڤان بارزانییە".

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕگەكانی هەرێمی كوردستان و خەرجكردنی مووچەی چەند وەزارەتێك كێشەكانی هەرێمی كوردستان كۆتاییان دێت، مەلاعومەر گوتی: "ئەوەی كراوە چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، دەتوانم بڵێم سەرەتایەكە بۆ ئەوەی كێشەكان چارە بكرێن، لەبەر ئەوەی كێشەی دیكە ماون كە كێشەی بنەڕەتین و پێویستیان بە كاتی زیاتر هەیە، هۆكاری ناڕازیبوونی كورد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەغدا كار بە دەستوور ناكات، ئەگەر چارەكردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووردا بێت، كوردیش بەوە ڕازییە".

 

قائید میرۆ