Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر لە لەندەن بەرز ڕاگیرا

 

لەندەن-KDP.info- بۆ بەرزراگرتنی یادی ١١٥ ساڵەی لەدایکبوونی باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کورد، مستەفا بارزانی نەمر، لیژنەی ناوچەی لەندەنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاهەنگێکی خنجیلانەی ساز کرد.

 

لەو ئاهەنگەدا کە ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەرانی ژمارەیەك لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان ئامادە بوون، ژمارەیەك وتار پێشکەش کران. خەسرۆ ئاژگەیی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی لەندەن لە وتارێکدا باسی لە خەباتی دەوڵەمەند و نەپچڕاوی ئەو سەرکردە مەزنە کرد کە وەك ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بەرگریی لە مافەکانی گەلی کورد کرد و توانی ئەو مافە نەتەوەییانە بۆ یەکەم جار لە مێژووی گەلی کورددا لە عێراق وەدەست بێنێت و ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ ڕژێمی پێشووتری عێراق واژۆ بکات و بەغدا بۆ یەکەمین جار ددان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە عیراقدا بنێت. ئاژگەیی گوتیشی، بارزانی نەمر قوتابخانەی کوردایەتی بوو، خەبات و تێکۆشان و لێهاتووییی ئەو سەرکردە مەزنە کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر هەرچوار پارچەی کوردستان هەبوو.

 

نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە وتارەکانیاندا ئاماژەیان بەوە دا، کەوا بارزانی نەمر تەنیا سەرکردەی باشووری کوردستان نەبوو، بەڵکو سەرکردە و سیمبولی تەواوی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بوو لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا، بەڵێنیشیان دووپات کردەوە کە لەسەر ڕێبازی ئەو سەرکردە مەزنە بەردەوام بن، تا گەلی کورد دەگاتە تەواوی ئاواتەکانی خۆی.