Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی سەرکەوت

پیران ئەمیر

لە دوای رووداوی 16ی ئۆکتۆبەر بەغدا زۆرترین گەمارۆی سیاسی و ئیداری و  ئابووری خستە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی تەسلیمی بەغدا بێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێم هەوڵە دیپلۆماسی و شەخسییەکانی خۆی بەکار هێنا بۆ ئەوەی ئەزموونی کوردستان دووچاری شکست نەبێت، ئەوەبوو داوای دیالۆگی لە بەغدا کرد و بەغدای ناچار کرد لوللەی چەکەکانی دابگرێت و بێتە سەر مێزی دانوستاندن.
لەوەدا دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی سەرکەوت، هەڕەشەکانی نەهێشتن و هەندێک لە گەمارۆکانی تێکشکاندن، وەک خودی عەبادی باسی کرد، پەیوەندیی بەهێزی ئەوان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی وایکرد کێشەکان چارەسەر ببن، ئەو عەبادییەی تانکی هێنایە سەر کوردستان، بە سیاسەتی نه‌رمی نێچیرڤان بارزانی بۆ تێپه‌ڕاندنی مەترسییەکانی سەر کوردستان، سەرئەنجام بەغدا بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دەدات.

کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دەروازەیەکی سەرەتاییە بۆ دانیشتنی فراوانتر لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە فڕۆکەخانە بۆ هەرێم و هەر دەوڵەتێک و بگرە شارێکیش زۆر گرینگە و رەهەندی سیاسی و ئابووری و جموجۆڵی بازرگانی هەیە، کە کاریگەرییان لەسەر پێشکەوتنی وڵات یان هەرێم دەبێت، لە دوای داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێم، شاندە سیاسی و هونەری و گەشتیارییەکان کەمتر هاتنە کوردستان، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دووبارە هەرێمی کوردستان جموجۆڵی دیپلۆماسی و ئابووری و هونەری بەخۆیەوە ببینێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە سیاسەتدا پشووی درێژە و هەموو رەهەندەکان لە پێشچاو دەگرێت، ئەو پشوودرێژییەش هۆکاری هەڵگرتنی گەمارۆکانی بەغدایە لەسەر کوردستان، لە کاتێکدا لە هەموو روویێکەوە ئێستا دانوستان لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە بە تایبەتی لەسەر بابەتە داراییەکان کە گرینگن بۆ خەڵکی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی ئیش لەسەر ئەوە دەکات کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرهەڵنەدەنەوە، لەبەر ئەوەی بەغدا زوو زوو بیانوو بە هەرێم دەگرێت، هاوکات نەهێشتنی گەمارۆکانی سەر کوردستانیش هۆکارێکی سەرەکی دەبێت تاکو هەرێمی کوردستان دووبارە بەهێز بێتەوە لە بەرانبەر بەغدا، بەتایبەتی حکوومەتی هەرێم خاوەنی وەبەرهێنانی نەوتە و ئەمەش زیاتر بۆ هەوڵ و دڵسۆزیی خودی نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە و سەرباری هەڕەشەکانیش دواجار کوردستانی کردە ژمارە له‌ وەبەرهێنانی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا.

ئێستا خەڵکی کوردستان بە ئومێدەوە لە سیاسەتی دیپلۆماسییانەی حکوومەتی هەرێم دەڕوانن، بەوەی دەیەوێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن، چونکە خەڵکی کوردستان و عێراقیش بێزار بوون لە کێشەکان، بۆیە خودی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەیەوێ بەبێ گرژی و لە رێگەی دەستوورەوە لەگەڵ بەغدا دانوستان بکات و لەم رووەوەش سەرکەوتوو بووە، بەوەی شەڕی وەستاند و ئێستایش بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەن دراوە و، مووچەی دوو وەزارەتی گەورەی هەرێمیش بڕیارە لە بەغداوە بێت. هاوکات بە ئومێدەوە لەگەڵ بەغدا دانوستان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە كێشه‌كان، بەتایبەتی ئێستا ئەولەویەتی حکوومەتی هەرێم باشکردنی بژێوی خەڵکی کوردستانە و بۆ ئەمەش درێخی ناکات و هەر بۆیەش بە زۆربەی داواکانی بەغدا رازی دەبێت تەنیا لە پێناو باشبوونی بژێوی و گوزەرانی خەڵکی کوردستان.