Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاوێژکارێكی کۆمارییەکان: تیلەرسن نەیهێشت ئەمەریکا هاوکاریی کورد بکات

 

هه‌ولێر-KDP.info-  ڕاوێژکارێكی پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکا دەڵێ، کرانەوەی فڕگەکانی هەولێر و سلێمانی بە گوشاری ئەمەریکایە. لەبارەی لادانی رێکس تیلەرسنیشەوە گوتی، دەمێکبوو کە ترامپ بەرنامەی هەبوو تیلەرسن بگۆڕێ، چونکە ستایلی کارکردنی ترامپ فەوزای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دروست کردبوو.

بۆچی تیلەرسن دوور خرایەوە؟
زەردەشت تۆفیق بەگ دانیشتووی ئه‌مه‌ریكایه‌ و خۆی بە راوێژکاری پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکا دەناسێنێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەمێکە دۆناڵد ترامپ کێشەی لەگەڵ رێکس تیلەرسندا  هەیە، چونکە  تیلەرسن کەسێکی گلۆبالیستە و دۆناڵد ترامپیش لەگەڵ ئەو گلۆبالیستییەی ئەودا نییە، ''کاتێک ئەمەریکا کێشەی لەگەڵ کوریای باکووردا هەبوو، تێلەرسن سەردانی کۆریای باشووری کرد و پێچەوانەی دۆناڵد ترامپ لێدوانی دا و، پێچەوانەی ئەجێندای ترامپ رەفتاری کرد."

زەردەشت تۆفیق بەگ باوەڕی وایە، کە تێکچوونی پێوەندییەکانی ترامپ و تیلەرسن دوای ئەوەیه‌، کە ترامپ لێدوانی دا و گوتی، ''ئێمە ئاسن و ئاگر بەکار دەهێنین بۆ ئەوەی کۆریای باکوور لەنێو بەرین''، كه‌چی تیلەرسن ده‌ڵێ: ''من لە کۆریای باشوورم بۆ ئەوەی کێشەکانی کوریای باکوور و ئەمریکا بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارە بکرێن.''
ئه‌و ئاماژەی دا، دۆناڵد ترامپ کۆمەڵێک ئەجێندای بۆ رۆژهەڵاتی ناوین و ئاسای دوور و ئەمەریکای باشوور و ئەفریکا هەیە، هه‌ڵبه‌ته‌ ستایلی تیلەرسن بۆ ئیدارەدانی وەزارەتی دەرەوە بە شێوەیەکی ئازادانە بوو کە هەرکەس وەک شارەزا ویستی هەبووا کاری لێی دەکرد، ئەمەیش فەوزایەکی لە وەزارەتی دەرەوەدا دروست کردبوو، کە ستایلەکە نەدەگونجا بۆ ترامپ.

لابردنی تێلرسن لە بەرژەوەندیی کوردە
زەردەشت تۆفیق بەگ لەبارەی هەڵوێستی تیلەرسن بەرانبەر بە کورد دەڵێ، ''تیلەرسن بەرژەوەندیی ناتۆی لە ناوچەکە لە کورد لا گرینگتر بوو، ئەو یەکێک بوو لەوانەی رێگری کرد و نەیهێشت ئەمەریکا هاوکاریی کورد بکات. تیلەرسن زیاتر باوەڕی بە پاکێج و گلۆباڵییەکه‌ی خۆی هەبوو و، باوەڕی وابوو کە پێوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیادا هەبێ، نموونەی بەردەستیش عەفرینە کە ئەو هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی عەفرینه‌وه‌ نەبوو، ئامانجی سەرەکیی تیلەرسن ئەوەبوو کە پێوەندیی ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا و چین و ئوسترالیا و کەنەدا و وڵاتانی ئەمەریکای باشوور باش بکات، ئەمەش ترامپ لەگەڵی هاوڕا نەبوو.''

کێشە نێوخۆییەکانی عێراق لە دیتی ئەمریکاوه‌
زەردەشت تۆفیق بەگ لەبارەی کرانەوەی فڕگەی هەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوه‌ کە گەمارۆی نێودەوڵەتی خستبووە سەر، دەڵێ، ئەمەریکا گوشاری خستەسەر بەغدا کە دەبێ فڕگەکان بکرێنەوە و به‌ بڕوای ئه‌و، ئەمەش دوو دیوی هەیە، یەکێک ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی کە پێوەندییان لەگەڵ عێراقدا هەیە بەم رەفتارەی عێراق تووڕە بوون، چونکە ئەمە پرسێکی بارزگانییە نەک سیاسی، دیوێکی دیکەشی ئه‌وه‌یه‌ کە ئەمەریکا گوشاری لە عێراق کردووە كه‌ دەبێ گوزەرانی خەڵکی کوردستان باش بکات. دەشڵێ، لەمدواییەدا بەرنامە هەبوو کە عێراق ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام هیچ وڵاتێک ئەوەی نەکرد، ئیدی تەنیا ئەمەریکا دەیەوێ ئەوکارە بکات، بۆیە ئەمەریکایش کارتی بەهێزی لە عێراقدا لە دەستە.

کــاروان بــاعەدری