Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێنجوێنی: گەلی كوردستان هەرگیز بۆ پارە واز لە سەربەخۆیی ناهێنێت

 

سلێمانی-KDP.info- محەممەد ئەمین پێنجوێنیی سیاسەتمەدار باوەڕی وایە، كە ڕاستە هاووڵاتیان ڕۆژانە لە هەواڵی هاتن و نەهاتنی مووچە لە ‌بەغداوە دەپرسن، بەڵام هەرگیز پشت لە سەربەخۆیی و مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان ناكەن كە 100 ساڵە خوێنی لە پێناودا دەڕێژرێت.

محەممەد ئەمین پێنجوێنی، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختی كردەوە: "حكوومەتی عێراق بە سیاسەتی فرتوفێڵ كار بۆ ئەوە دەكات تەواوی مەسەلەی كورد لە مووچەی فەرمانبەراندا كۆ بكاتەوە، كە دەمێكە كار لەسەر ئەو سیاسەتە دەكەن، تا كورد وا لێ بكەن تەنیا بیر لە مووچە بكاتەوە، ساڵی 2014ـیش یەكەمین هەنگاوی بەغدا، سیاسەتی برسیكردن و بڕینی قووتی هاووڵاتیان بوو، بۆ ئەوەی گەلی كورد بیر لە ژیانی ڕۆژانە بكاتەوە و ‌واز لە سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوە لە عێراق بێنێت".

پێنجوێنی گوتیشی: "ڕاستە ئێستا شەقامی كوردی ڕۆژانە لە هەواڵی هاتنی مووچە دەپرسێت لە بەغداوە، بەڵام هەرگیز كورد واز لە بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان ناهێنێت، چونكە ئەو قۆناغەی برسیكردنی هاووڵاتیانی كوردستان تێدەپەڕێت، مەسەلەی ئازادی و سەربەخۆی كە 100 ساڵە شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی كورد خوێنی بۆ دەڕێژێت، هەرگیز وازی لێ ناهێندرێت".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی