Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دكتۆر مەحموود: سەرۆككۆمار ناوی گەورە و دێی وێرانه‌

 

هەولێر-KDP.info- كەسایەتییەكی سیاسیی دیاری كورد باس لەوە دەكات، بێدەنگیی سەرۆككۆمار، شەرعییەتدانە بەو پێشێلكارییە دەستووریانەی بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستانی كردووە. دەشڵێ، بەبایاننامەیەك، یاخود دەستلەكاركێشانەوەی، دەنگدانەوەیەكی جیهانیی دەبوو.

زیاتر لە ٥٥ ماددەی دەستووری لە لایەن ناوەندەوە بەرامبەر هەرێمی كوردستان پێشێل كراون، بەپێی دەستووریش سەرۆككۆمار پارێزەری دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیی هەرێمی كوردستانە، بێدەنگیی سەرۆكایەتیی كۆمارە، كە ئەوەیش بە رای سیاسییەكان، شەرعییەتدانە بە پێشێلكارییەكان.

دكتۆر مەحموود عوسمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "لە دەووری دووەمدا داوام كرد كورد پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار وەرنەگرێت، بە هۆی نەمانی دەسەڵاتەكانی، كە لە دەووری یەكەمدا هەیبوو، بەڵكوو سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوا بكات".

لە سەردەمی سەرۆكایەتیی كۆماردا لە دەووری دووەمیدا، وێڕای نەبوونی دەسەڵات و بوونی پۆستەكە وەك تەشریفاتی، بەڵام تاڵەبانی توانیبووی تا رادەیەك هاوسەنگییەك لە نێوان لایەنەكاندا رابگرێت، مەحموود عوسمان، ئەمە بۆ بوونی توانای خودی تاڵەبانی دەگێڕێتەوە، كە كەسایەتییەكی گرینگی ناوخۆ و دەرەوە بووە، "بەڵام ئەم سەرۆكایەتییەی كۆماری ئێستا، هەبێ یان نەبێ هیچ دەورێكی نییە، ناوێكی گەورە و دێی وێران، نە لە بڕیاردا بوونی هەیە و نە حیسابیشی بۆ دەكەن".

 لە روانگەی دەرەوە، بەو شێوەیە سەیر دەكرێت، كورد پۆستێكی سیادی وەك سەرۆككۆماری هەیە، پێیشی وایە كە لە پێناو دەنگدانەوەیەكی جیهانیی گەورە، لە بەرامبەر ئەو پێشێلكارییە دەستوورییانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان لە لایەن ناوەندەوە كراون، لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوور سەرۆككۆمار پارێزەری دەستوورە، دەبوو دەستی لە كار بكێشایەتەوە، یانیش بە بەیاننامەیەك ناڕەزایەتییەكی دەبڕیایە، تاوەكوو دەنگدانەوەیەكی جیهانیی گەورەی لێ بكەوتایەتەوە.

دكتۆر مەحموود پێی باشە هەریەكە لە سەرۆككۆمار و وەزیر و ئەندامانی دادگای باڵا كە كوردن، بكشێنەوە، تاوەكوو نەكشێنەوە ناوەند بەردەوام دەبێت لە پێشێلكارییەكان، "ئەو كەسانە ئێستا تەنیا شكڵین و هیچ سوودێك بە دۆزی كورد و هەرێمی كوردستان ناگەیەنن".

ئەو هەروەها یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بە پێویست دەزانێت و، نموونەیش بە یەكڕیزیی پەرلەمانتارە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەهێنێتەوە، كەوا دەورێكی باشییان دیوە، بەڵام لە هەرێمیش پارتەكان یەكڕیز بن، بەغدا ناتوانێت سوود لەو كەلێنە وەربگرێت، هاوشان بە سوودوەرگرتن لە بێدەنگیی سەرۆككۆمار و دوو وەزیرەكەمان و ئەو سێ ئەندامەی دادگای باڵا، بینیومانە چ ناهەقی و پێشێلكارییەك بەرامبەر هەرێم و خەڵكەكەی كراوە.

 

خێڵان بەختیار