Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بچووككردنەوەی مافی میللەتێك لە مووچەدا

ئاریان فەرەج
مووچە قوت و پاروەنانە، دابینبوونی پاروەنان هەرەسەرەتاییترین مافی هەر مرۆڤێكی سەرزەمینە. لە وڵاتانی جیهان، پەناهەندە و بێ كار و لێقەوماوانی دەرەكی نەك هەر هاووڵاتیانی خۆیان، لە لایەن حكوومەتانەوە وەك سۆشیال مووچەیان دابین و مسۆگەرە، بێ ئەوەی هیچ منەتێكی تێدا بێ.
مرۆڤ ئەو كائینەیە كە ئیكرامی خودای بەركەوتووە و كوفرە ئەگەر مووچەی وەك منەت و ماف و دەستكەوت بۆ حیساب بكرێت، مرۆڤ ئەو بەنرخترین سەرمایەیە كە دەبێ موعەزەز بژی و شكۆی بۆ نان و مووچە نەشكێندرێ. كە نان بووە مافێكی سەختگیر و نابەردەست، ئامانج شكاندنی كەرامەت و زەلیلكردن و دەستپێهەڵگرتنە لە مافە بەرزە ئینسانییەكانی كە ئازادی و یەكسانی و عیززەت و سەربەرزییە.
پێداگیریی سیاسییە دەستوورشكێن و شۆڤینییەكانی بەغدا لەسەر برینی نانی خەڵكی كوردستان، بۆ ئەوەیە ئینسانی كورد مافە ئینسانی و نەتەوەییە بەرزەكانی لە بیر بكات و سەر بۆ نان و مووچە نەوی بكات. بۆ ئەوەیە داواكارییەكانی كورد لە سەربەخۆیی و ئازادییەوە بچووك بكرێتەوە بۆ ئاستی داواكردنی نان و مووچە و وەك گەورەترین منەت پێی بفرۆشرێتەوە. نانبڕین بەڵگەی بێمروەتی و بێ مۆڕاڵیی نانبڕەكانە كە بەم رێگە ترسنۆك و نامەردانەیە دەیانەوێ شەڕ لەگەڵ ئیرادەی ئینسانی كورد بكەن و بیشكێنن.
بە داخەوە بەشێك لە ئەحزاب و سیاسییەكانی كورد تەنانەت ئەم برسیێتی و بێمووچەییەش وەك چەكی موزایەدە و دەنگ كۆكردنەوە و پلە و پۆست پەیداكردن دەقۆزنەوە، دەیانەوێ بە بەغدا بڵێن مووچە دواترۆپكی داواكاریمانە وەك ئەوەی سەد ساڵ بێ كورد بۆ مووچە خەبات و قوربانی دابێت، بەو تەنازول و خۆبچووككردنەوەیەش دەیانەوێ پلە و پۆستیان لە بەغدا پێ ڕەوا ببیندرێ و بە خەڵكی كوردستانیش بڵێن، مادام هەوڵ بۆ دابینكردنی مووچەتان دەدەین، گەورەترین ئاوات و ئامانجمان بۆ بەدی هێناون و شایانی هەموو پشتیوانییەكتانین.
ئەمانە خەریكن دۆزی گەورە و مێژووییی كورد لە مووچەدا بچووك دەكەنەوە و خەباتی سەد ساڵی گەلی كوردستان لە ئازادیخوازییەوە بچووك دەكەنەوە بۆ مووچەخوازی.
تەلەفۆن و تەلەفۆنكاریی سیاسییەكەی وەك بەرهەم ساڵح لەگەڵ عەبادی لەسەر مووچە، جیا لەوەی لە جەوهەردا بۆ بەدەستهێنانی پلە و پۆستە بۆخۆی لە بەغدا، بێئەرزشكردنی دۆزی كوردیشە، دەنا بۆ دەربارەی ئەو هەموو پێشێلكارییە دەستوورییە و ئەو هەموو داگیركاری و خۆسەپاندن و شۆڤێنییەت و لەشكركێشی و ئەو هەموو مافە زەوتكراوەی كورد قسە ناكەن، ئایا مافی كورد تەنها مووچەیە؟.
بەدەستهێنانی پۆست لە بەغدا لە رێی بچوككردنەوەی داواكارییەكانی كورد لە ئازادییەوە بۆ مووچە، غەدرێكی گەورەیە لە كورد، نرخەكەشی ئەگەر پۆستی سەرۆكۆمارییە كە بەرزترین پۆستی كوردە لە بەغدا، ئەوا بەدەستهێنانیشی مەحاڵە و پۆستێكی ئەوەندەش بێكەڵكە كە گوناهە كورد جارێكی دیكە دەنگی خۆی تێدا خەسار بكات. ئەوەتا سەركۆماری ئێستا دەرهەق بەو هەموو زوڵم و ستەمەی لە كورد دەكرێ، مێش میوانی نییە و بێدەنگ و بێهەڵوێست تەقەی سەری دێت.