Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یازدەی ئازار و سەری بەغدا و فیشەکی ڕەحمەت

د.ئاراس عەبدولکەریم

دەبێ کێ لەو کەسە گەمژەتر بێ کە پێیوابێ بە گرتنەبەری هەمان هەنگاو و هەمان ڕێگا، بگاتە مەنزڵێکی جیاواز لەوەی پێشوو؟!
ڕژێمی بەعسی عێراق بە پەیمانشکێنیەکەی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار، باجێکی هێند قورسی دا، وێڕای خوڵقاندنی گێژاوێکی سەخت لە شەڕ و ماڵوێرانی و کارەسات بۆ گەلی عێراق و وڵاتانی دراوسێی و لەدەستدانی ئەوەی پێیدەگوترێ سەروەریی نیشتیمانی و تەریککردنی عێراق و دابڕانی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دواجار سەری خودی ڕژێمەکەشی خوارد و بووە بەشێک لە ڕابردوو. بۆیە سادەترین ڕاستی ئەوەیە، کە بەغدا بیەوێ یان نا، سەقامگیریی عێراق و پاراستنی لە کارەسات و داڕمان، بەندە بە بنەبڕکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ پەنابردن بۆ گەمەی کاتکوشتن و سزادان و ئازاردانی گەلی کوردستان و لەولایشەوە چوونە نێو پیلانی شەڕانگێزانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دژ بە گەلی کوردستان، بە جۆرێک کە ئامادەی ئەوپەڕی سازش و تەنازولکردنیش بن بۆ ئەو دراوسێیانە، بەڵام نەک هەر ئامادە نەبێت مافەکانی گەلی کوردستان بسەلمێنێ، بەڵکو ئەو سازش و تەنازولانەی بۆ وڵاتانی دی، لە پێناو شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان و فەرامۆشکردنی مافەکانی و تەنانەت سڕینەوەی ئەو ناسنامە سیاسییەشی بێت کە بەر لە پرۆسەی ئازادی و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراق، بوونی هەبووە و پەناگەی خودی ئەو بڕیاردەرانەی ئێستای بەغدا بووە سەروەختێک کە ئۆپۆزسیۆن بوون!.
هەموو ئەمانەی باس کران ئاماژەی مەترسیدارن بۆ نیەتی بەغدا دەرهەق بە بوون و ئیرادە و مافەکانی گەلی کوردستان. هەنگاوە گوماناوی و گوتارە لاستیکییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەرهەق بە هەرێمی کوردستان، تا ڕاددەیەکی زۆر دەمانباتەوە نێو هەمان هەقایەت و قەناعەت و عەقڵیەتی بەعسیزمی سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو. هەقایەتێک کە دواجار ئەوەی مایەوە فیشەکێکی ڕەحمەت بوو نرا بە کەلـلەسەری ڕژێمەکەوە و زۆری نەمابوو عێراقیش هاوشێوەی ڕژێمەکە پشت بکاتە ڕەشەبا!
بەڵام ئەمجارە، گەر بەغدا بیەوێ بەسەر هەمان هەنگاو و ڕێگا مینڕێژەکەی پێشووی بەعسیەکاندا بڕواتەوە، بە دڵنیایی ئەوەی چاوەڕێی دەکات هەمان مەنزڵی کارەساتاوی دەبێت بۆی و بگرە لەویش خراپتر. چونکە ئەودەمە ئەوەی هەلاهەلا دەبێت خودی عێراقە وەک دەوڵەت و ئەوەی لە جوگرافیادا بوونی نامێنێت ئەو وڵاتەیە کە ئێستا عەبادی گەرەکێتی خۆی وەک فریادڕەس و پاڵەوانی پاراستنی جوگرافیاکەی و سەروەرییەکەی وێنا بکات.
ئەمە لە کاتێکدا کە عێراق هەرچییەک بێت و عەبادی هەر گرەوێکی لە لایەن هەر دەوڵەت و هێزێکەوە لەسەر کرابێت، چیدی نابێتەوە ئەو عێراقەی ساڵانی حەفتاکان کە زۆر لە ئێستا زیاتر خاوەنی متمانە و پێگەی خۆی بوو لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی و بە تایبەتیش لە جیهانی عەرەبیدا. ڕاستە بەرژەوەندییەکان ئاڕاستەی پەیوەندییەکان و پێگەی وڵاتان دەگۆڕن، بەڵام دۆخی سیاسیی نێوخۆی عێراق و بەرکەوتنە توندەکانی ناوەندەکانی هێزی نێوماڵی شیعە و دەستوەردانە دەرەکییەکان بە جۆرێکن، کە دامەزراندنی ڕژێمێکی پتەو و دۆخێکی سیاسیی سەقامگیر بۆ عێراق، ئەگەر زەحمەت بێت، ئەوا بەبێ کورد دەبێتە مەحاڵێکی گەورە.
ئەوەی لەسەر لایەنە کوردستانییەکانە، پیادەکردنی ئەجێندایەکە کە پێگە و کاریگەریی هەرێمی کوردستان بسەلمێنێ، هەر هەنگاوێک بە پێچەوانەی ئەم ئاڕاستەیە، بەهەر بیانوویەک بێت و بۆ دژایەتی و ململانێی هەر هێزێکی دیکەی کوردستانی بێت؛ خودی ئەو لایەنە دەخاتە نێو پەراوێزی پەراوێزەوە. چونکە هاوڕێکردن لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی کە بەرەوە شکست دەچن، جگە لە گەیشتن بە شکست هیچیدیکەی لێ شین نابێت.
وێڕای تای هەڵبژاردن، تا ئێستایش پێدەچێ نەشئەی سەرکەوتن و خولیای وێنای پاڵەوانی نیشتیمانی، سەروکەلـلەی عەبادی بەرنەدابێ، بەڵام موعتادبوون بەم وێنە و گوتار و قەناعەتە، بە دڵنیاییەوە کەلـلەسەری دەسەڵات و ڕژێمەکە و عێراقیش بە فیشەکێکی ڕەحمەت دەسپێرێ، فیشەکێک کاریگەرتر لەوەی عێراقی بەعسیزمی سارد کردەوە. بۆیە بە ڕاستی گەمژەیە ئەوەی وابزانێ ڕێکردنی بەغدای ئێستا بە هەمان ڕێگای بەغدای بەعسیزمدا، بەغدایەکی جوانتر و باشتر لە گۆڕەپانی فیردەوسی نیسانی ٢٠٠٣ بخوڵقێنێ.
فێرنەبوون لە هەڵە هەمیشە کارەسات دەخوڵقێنێ و عیبرەت وەرنەگرتنی عەبادی لە هەڵە مێژووییەکەی بەعس دەرهەق بە ڕێککەوتنی یازدەی ئازاری ١٩٧٠، خۆی و ڕژێم و وڵاتەکەش دەخاتە بەردەم چارەنووسێک هەرگیز باشتر نابێت لە چارەنووسی بەعس و عێراقی بەعسیزم.