Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێرێكی سیاسی: خه‌ڵكی كوردستان، چیی تر دەنگی خۆی بۆ كورسییەكی بێكەڵك بە فیڕۆ نادات

 

هەولێر-KDP.info-  چاودێرێكی سیاسی دەڵێ، قسەكردن و تەلەفۆنكردن بۆ بابەتی مووچە لەگەڵ عەبادی، تەنیا بۆ خۆڵكردنەچاوی خەڵكی كوردستانە، چونكە 10 ساڵە بەر لە ئه‌وانه‌ی به‌م دواییه‌ بە تەلەفۆن و بە دانوستان لەبارەی مووچە و كێشەكانی دیكەوە قسە لەگەڵ عەبادییەكان دەكه‌ن، وەڵامیان تەنیا كاتكوشتن و سووكایەتی بووە.

بەر لە ئازادكردنی عێراق و دوای ڕزگاركردنیشی، حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی بەغدا بەردەوام پێشێلی مافەكانی گەلی كوردستانیان كردووە و هەوڵی لاوازكردنی كوردیان داوە، تا گەییشتووەتە ڕاددەی بوودجەبڕین و هێرشكردنەسەر ناوچە كوردستانییەكان و شەڕی دەروونی لەگەڵ گەلی كورد لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە.

زانیاری هه‌یه‌ كه‌ د. بەرهەم ساڵح به‌م دواییانه‌ به‌ ته‌له‌فۆن و له‌باره‌ی مووچه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادیی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق قسه‌ی كردووه‌، كه‌چی تەنانەت جارێكیش باسی داگیركاریی كەركووك و شوێنەكانی تر نه‌كردووه‌؟.
چاودێرانی سیاسی ڕووی پرسیار ئاراسته‌ی ئه‌م هه‌وڵانه‌ ده‌كه‌ن و له‌ د. به‌رهه‌م ساڵح ده‌پرسن، بۆ جارێك بە عەبادی ناڵێی بۆ ئەو هەموو پێشێلكارییە دەستوورییە لە  دژی كورد ئەنجام دەدەی؟، خۆ ئەوە دە ساڵە و بەر لە ئه‌ویش بە تەلەفۆن و بە دانوستان لەبارەی مووچە و كێشەكانی تره‌وه‌ قسە لەگەڵ عەبادییەكان كراوە و وەڵامیان تەنیا كاتكوشتن و سووكایەتی بووە.

خالید ئەحمەد دۆسكی، چاودێری سیاسی، پێوه‌ست به‌م پرسه‌ بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی گوت "هەڵوێستی بەرهەم ساڵح بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەك لەگەڵ عەبادی بۆ چارەكردن و ناردنی مووچەی كوردستان، كە پێی وابێت بە پەیوەندییەك كێشەكە چارە دەكات، تەنیا چەواشەكردنی خەڵكی كوردستانە، چونكە كێشەكان سیاسین و قووڵن و سیاسەتی قبووڵنەكردنی كوردە و رێگەنەدانە تا بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات كە لە دەستووردا چەسپاوە، بۆیە بیناكردن لەسەر هەڵوێستەكانی بەغدا، جگە لە موزایەدەی سیاسی و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، هیچی تر نییە، بەرهەم باش دەزانێت یەكڕیزنەبوونی كورد چ زیانێكی بە كورد گەیاندووە و خۆیشی چاوەڕێ نەبوو تا یەك لیستی كورد هەبێت".

چاودێران ده‌ڵێن، دەبێ كۆتایی بەوە بهێنرێت مووچە بكرێتە بابه‌تی قسەكردن لەگەڵ عەبادی. ئه‌وان ده‌پرسن، ئەگەر مەبەست له‌و هه‌وڵانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆست و ده‌سته‌ڵات بێ، نموونه‌ی ئه‌و باسه‌ی كه‌ ده‌گوترێ به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێ ببێتە سەرۆككۆمار، ئەوا ده‌بێ باش بزانێ كە كورد ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ سەرۆككۆمارەكان هەیە و چیتر دەنگی خۆی بۆ كورسییەكی بێكەڵك بەفیڕۆ نادات.

به‌رمه‌بنای ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌وباره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتوون، دۆسكی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ "بەرهەم ڕۆژانە پەیوەندی لەگەڵ عەبادی هەیە و ڕاوێژی پێ دەكرێت له‌وه‌ی چۆن هەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغدا بكات و هێزە نیشتمانییەكانی كوردستان بۆ دواوە بگەڕێننەوە، تا خەڵكی كوردستان بێزار و بێئومێد بكەن بە ‌ناردنی مووچەی مانگێك، یان دوو مانگ كە پێی وایە كێشەی كورد بە تەلەفۆنێك چارە دەبێ".

خالید دۆسكی گوتی: "خەڵكی كوردستان زۆر بەئاگایە لەو هەڵوێست و هەنگاوانەی كە بە پێچەوانەوە سەری خاوەنەكانی دەخوات‌، ماوەی سێ ساڵ پێشمەرگە قارەمانەكان شەڕی داعشیان كرد و شەهیدیان دا، بەرهەممان نەبینی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، یان باسی داگیركردنی كەركووك و ناوچەكانی تری كوردستانی بكات، بۆیە ئەو هەڵوێستانە هیچ ڕێزێك بۆ كورد ناهێڵێتەوە، ئەوە 10 ساڵە بەر لە بەرهەمیش بە تەلەفۆن و بە دانوستان لەبارەی مووچە و كێشەكانی تر قسە لەگەڵ عەبادییەكان كراوە و وەڵامیان تەنیا كاتكوشتن و سووكایەتی بووە، بۆیە دەبێ كۆتایی بەوە بهێنرێت مووچە بكرێتە پرسی قسەكردن لەگەڵ عەبادی".

ئەو چاودێره‌ سیاسییه‌ باوه‌ڕی وایه‌، كه‌ بەرهەم ساڵح دەبووایە دوای وەفاتی مام جەلال، ڕۆڵێكی وای هەبووایە كە جێگای ئومێدی خەڵكی یەكێتی بایە لە سلێمانی و گوتیشی، ''كە نەیتوانی ئەو ڕۆڵە لەسەر ئاستی سلێمانی بگێڕێت، بێگومان لەسەر ئاستی عێراقیش بە حوكمی ئەزموو‌نەكانی پێشوو ناتوانێت لە دەرەوەی یەكڕیزیی كورد و لایەنە سیاسییەكانی كورد ڕۆڵێكی ئەوتۆ لە ‌بەغدایش بگێڕێت، ئەگەر مەبەستی بوون بە سەرۆككۆمارە، ئەوا‌ مەحاڵە بكرێتە سەرۆككۆمار، چونكە كورد ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ سەرۆككۆمارەكاندا هەیە و چیی تر دەنگی خۆی بۆ كورسییەكی بێكەڵك بە فیڕۆ نادات.''

نەشوان بەرزنجی