Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ هەزارن کەس سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد

بارزان-KDP.info- ئەمڕۆ بە هەزاران كەس لە چین و توێژەكانی كوردستان و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و شاندێك لە پەیوەندییەكانی كوردستانی و عێراقیی پارتی سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد، دوای پێشوازی لێكردن لە لایەن شێخ خەلات بارزانی، نوێنەری سەرۆك بارزانی و دانانی تاجەگوڵینە باسیان لە خەبات و تێكۆشانی بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لە یاد كرد، هەروەها سۆز و پەیمانیان بۆ ڕێبازی بارزانی نەمر و پارتی دووپات كردەوە.

 

 

عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كوردستانی و عێراقیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاری كرد: "پەیمانی خۆشەویستی و وەفاداری و دڵسۆزی بۆ ڕێبازی بارزانی، ڕێبازی كوردایەتی، ڕێبازی فێركردنی بەرگری و خۆڕاگری و ڕەتكردنەوەی زوڵم و ستەم نوێ بكەینەوە، ئەو بارزانییەی كە ڕێبەرایەتی نەك هەر گەورەترین شۆڕشی كردووە، بەڵكو ڕێبەرایەتی ڕەتكردنەوەی زوڵم و ستەم و برەودان بە بیری نەتەوایەتی، بیری مرۆڤدۆستی، پێكەوەژیان، بنەماكانی دیموكراسی و ڕێزگرتن لە یەكدی کرد، ئەو هەموو بەها جوانانەی مرۆڤایەتی، ئەو هەموو بەها جوانانەی دیموكراسی كە ئێستا دنیای سەردەم شانازی پێوە دەكات، ئەو بارزانییە بووە بناغەیەك بۆ كورد و كوردستانییان."

 

 

لە لایەكی دیكەوە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بۆ نوێكردنەوەی سۆز و وەفاداری بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر و پارتی سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان كرد، ڤیان سلێمان، سكرتێری ئافرەتانی كوردستان لەسەر مەزاری نەمران گوتی: بەناوی هەموو ئافرەتان كە ئەمڕۆ ڕۆژی 8ی ئادارە لەسەر مەزاری نەمران كۆ بووینەوە بۆ نوێكردنەوەی سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی بارزانی نەمر، هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی باوكی نەتەوەییی كورد، بارزانی نەمر و كاك ئیدریسی جوانەمەرگ، ئەندازیاری ئاشتی، ئەمڕۆ ئامادەبوونی ئەو هەموو ئافرەتە لێرە نیشانەی وەفا و ڕێزی ئافرەتانە بۆ سەركردەی كورد، كە هیچ كاتێك ئافرەتی لەبیر نەكردووە، شان بەشانی پیاو دەرفەتی پێ داوە، بۆ ئەوەی دەورێكی كاریگەر لە ناو كۆمەڵگەدا بگێڕێت، بۆ ئەوەی ژیانێكی خۆشی هەبێت، گەورەترین ڕێكخراوی لە بارودۆخێكی قورسدا بۆ ئافرەتان دامەزراند، ئەو دیارییە تا ئێستاش بۆ ئافرەتان ماوە، بۆیە وەكو ئافرەتانی كوردستان جارێكی دیكە سوپاسی ئەو دیارییە و ئەو پێگەیە دەكەین، كە بۆ ئافرەتانت داناوە، وەكو ئافرەتانی كوردستان بەڵێن دەدەین كە لەسەر ڕێبازی بارزانی و پارتی بەردەوام بین."

 

 

 

ڕابین شێروانی