Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی پارێزگا، 15 رۆژی بۆ گەڕانەوەی قایمقامی شەرعیی شنگال دیاری كرد

 

شنگال-KDP.info- قایمقامی شنگال دەڵێ، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 15 رۆژ مۆڵەتی داوە تا پارێزگاری نەینەوا رێكاری پێویست بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال بگەڕێتەوە سەر كار و ئەوانەیشی بە ناشەرعی هاتوون، لاببرێن.

مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچكەی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر داوای خەڵك و ئیدارەی شنگال، كۆبوونەوەی ژمارەی 69ـی بە ئامادەبوونی 27 ئەندام ئەنجام دا و، چەندین بڕیاری لەبارەی شنگالەوە دەركردن، لەوانە ئەوانەی چوونەتە سەر ئیدارەی شنگال، بە ناشەرعی و نایاسایی دانا و بڕیار درا لە ماوەی 15 رۆژدا ئیدارەی شەرعی كە ئێمەین، بگەڕێینەوە سەر كارەكانمان، هەروەها ئەو هێزانەی ناشەرعین رێكاری یاسایی دەرحەقیان بگیرێتە بەر و، ڕەوشی سنوورەكەمان‌ ئارام بكرێتەوە تا ئاوارەكان بگەڕێنەوە، جگە لەوەیش، پێویستە رێگای سحێلە و زوممارو ڕەبیعە و شنگالیش لەگەڵ كوردستاندا بكرێتەوە".

 خەلیل ڕاشیگەیاند: "سەردانی پارێزگاری نەینەوایشمان كرد و لەگەڵیدا كۆ بووینەوە لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەن و گرتنەبەری رێكارەكان، بۆ ئەوەی شەرعییەت بگەڕێتەوە بۆ شنگال، پارێزگاریش تێگەییشتنی باشی هەبوو بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان لەو ماوەیەی كە دیاری كراوە".

قایمقامی شنگال ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەوان كاروباری خۆیان ڕایی دەكەن بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا رێكارەكان تەواو ببن و بگەڕێنەوە شنگال.

 

نەشوان بەرزنجی