Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"یادكردنەوەی جلوبەرگی كوردی لە كەركووك قەدەغەیە و پشكنینێكی چڕی قوتابیان دەكرێت"

 

كەركووك-KDP.info- بە بڕیاری سەرۆكی زانكۆی كەركووك، یادكردنەوەی رۆژی جلوبەرگی كوردی لە كەركووك قەدەغە كراوە و، ئەمڕۆیش ژمارەیەكی زۆری قوتابیان بە جلوبەرگی كوردییەوە چوونەتە زانكۆ، بەڵام رێگرییان لێ كراوە نەیانهێشتووە بچنە ناو زانكۆ.

ساڵانە یادی رۆژی جلوبەرگی كوردی لە سەرجەم شار و چارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە چەندین چالاكی و لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی دەكرێتەوە، لە كەركووكیش هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا قوتابیانی زانكۆ جلوبەرگی كوردی دەپۆشن، بەڵام بۆ ئەمساڵ رێگە بە قوتابیانی زانكۆی كەركووك نەدراوە ئەو یادە بكەنەوە و جلوبەرگی كوردییان لێ قەدەغە كراوە.

لەو بارەیەوە، عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆكی زانكۆی كەركووك بڕیارێكی دەركردووە و گشتاندنی بۆ هەموو زانكۆكان كردووە، بەوەی كە نابێت رێگە بدرێت یادی رۆژی جلوبەرگی كوردی بكرێتەوە و، هەر كەسێك بیەوێت ئەویادە بكاتەوە، پێویستە رێگری لێ بكرێت.

كەركووكی گوتیشی: "پرۆسەی بەعەرەبكردن بەردەوامە و رێگە نادەن كورد جلوبەرگی خۆی لەبەر بكات و ئاڵای كوردستانیش قەدەغەكراوە، هەروەها عەرەب بەردەوامی هاوردە دەكرێن و كورد لاواز دەكرێت، ئەمەیش هەمووی لەبەر ئەوەیە ئەو شارە تەعریب بكەن".

لای خۆیشیەوە، بەڕێوەبەری ئاساییشی ناوچەی ئازادی لە كەركووك، عەقید كاوە مەلاپەروێز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "راستە یادكردنەوەی رۆژی جلوبەرگی كوردی قەدەغە كراوە و رێگەیش بە هیچ كەسێك نادرێت لە كەركووك ئەو یادە بكاتەوە، هەر كەسێكیش یادەكە بكاتەوە، رێگری لێ دەكەن".

مەلاپەروێز گوتیشی: "ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆری قوتابیانی زانكۆی كەركووك وەكوو ساڵای رابردوو ویستوویانە بە جلوبەرگی كوردییەوە بچنە زانكۆ، بەڵام رێگەیان بە هیچیان نەداوە و هەمووانیان گەڕاندووەتەوە، جگە لەوەیش پشكنینێكی زۆر چڕی قوتابیان دەكرێت و، ترسیان هەیە بە دزییەوە جلوبەرگی كوردی ببەنە ژوورەوە و لەوێ لەبەری بكەن".

بڵند ئیبراهیم