Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێكی وەزارەتی شەهیدان، چەند داواكارییەك ئاڕاستەی بەرپرسانی فەڕەنسا دەكەن

 

فەڕەنسا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا ڕایدەگەیێنێت، شاندێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وڵاتی فەڕەنسا لە پاریسن و، ژمارەیەك داواكاری دەگەیێننە بەرپرسانی فەڕەنسا.

شاندەكە پێك هاتووە لە بەرەڤان حەمدی بریكاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان، لەنجە دزەیی راوێژكار لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، كامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە و حوسێن قائیدی بەرپرسی نووسینگەی رزگاربووانی دەستی داعش.

 دكتۆر عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئۆفیسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، ئەمڕۆ شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رێمی فێرۆ سەرۆكی گرووپی دۆستایەتیی فەڕەنسیی كوردی لە ئەنجوومەنی سێناتی فەڕەنسا كۆ بووینەوە‌‌".

 دۆڵەمەڕی ڕاشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ڕەوشی ناوچەكە لە دوای داعش كرا و، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوایان كرد هەوڵ بدرێت دادگایەكی نێودەوڵەتی دادگاییكردنی ئەو چەكدارانەی داعش بگرێتە ئەستۆ كە لە شەڕی دژ بە داعشدا دەستگیر كراون و ئێستا لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستاندان، هەروەها داوایان كرد قەرەبووی قوربانیانی دەستی داعش بكرێتەوە لەلایەك، لەلایەكی دیكەیشەوە گوشاری زیاتر بخرێتە سەر حكوومەتی عێراق بۆ رێگەخۆشكردن تاوەكوو ئەو ئاوارانەی كە خەڵكی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن و بە هۆی شەری داعشەوە ئاوارەی باشووری كوردستان بوونە، بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان".

ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "لای خۆیەوە رێمی فێرۆ سەرۆكی گرووپی دۆستایەتیی فەڕەنسی كوردی، لە سێناتی فەڕەنسا پشتگیریی خۆی بۆ داواكانی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و، لەبارەی دادگاییكردنی چەكدارانی داعشیشەوە، ئەو سێناتورە فەڕەنساییە گوتی، چونكە عێراق ئەندامی داداگای نێودەوڵەتی نییە، ئەستەم دەبێت ئەو دەستگیركراوانەی داعش لە دادگایەكی نێودەوڵەتی دادگایی بكرێن، بەڵام لە رێگەی كەناڵەكانی پەیوەندیی خۆیانەوە هەوڵ دەدەن تا دادوەر و چاودێرانی دادگا نێودەوڵەتییەكان لە كاتی دادگاییكردنی ئەو چەكدارانەی داعش ئامادە بن و كەیسەكە بەنێودەوڵەتی بكرێت".

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا دەشڵێت: "شاندەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رۆژێكە لەسەر بانگهێشتی فەڕەنسا لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتەن و، چەندین دیدار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سێناتۆر و پەرلەمانتار و چەند كەسایەتییەكی دیكەی سیاسیی فەڕەنسا ئەنجام داوە".

 

نەشوان بەرزنجی