Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق: داعش شەوانە بە ‌ئاسایی لە ‌ناوچەكەدا هاتوچۆ دەكەن

 

داقووق-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق ئاشكرای كرد، بە هۆی ئەوەی هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی توانای پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەكەیان نییە، داعش بە جۆرێك سەری هەڵداوەتەوە كە، شەوانە بە ‌ئاسایی و بە بێ ترس بە چەندین ئۆتۆمبێلەوە هاتوچۆ دەكەن.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە، كوشتن و تیرۆركردن و ڕفاندن لە سنووری پارێزگای كەركووك بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە و، تیرۆریستانی داعشیش جارێكی دیكە لە ‌ناوچەكە سەریان هەڵداوەتەوە، ئەمەیش وەك چاودێران باسی دەكەن، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێزە ئەمنییەكان توانای پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەكەیان نییە.

 بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق، فارووق ئەحمەد، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی بەعەرەبكردن بەردەوامە و عەرەبە هاوردەكان‌ بە زەبری ‌زۆر زەوییەكان لە كوردەكان وەردەگرنەوە، بە تایبەت ئەو زەوییانەی لە ساڵی1970 تا 2003 داگیریان كردبوون و جارێكی دیكە بۆ كورد گەڕێندرابوونەوە، زۆرێك لەو زەوییانە لە كوردەكان وەرگیراونەتەوە و بەشێكیشی تا ئێستا كورد ئامادە نییە چۆڵیان بكات و تا ئێستا بەرگەی گرتووە و عەرەبەكانیش دەیانەوێت لە ڕێگەی یاساییەوە ئەو زەوییانە لە كورد وەرگرنەوە و حكوومەتی عێراق پشتگیرییان بكات، بۆیە زوڵمێكی زۆر لە كورد دەكرێت".

فارووق ئەحمەد گوتیشی: "دۆخی ئەمنیی ناوچەكە زۆر خراپە و كوشتن و ڕفاندن و تاڵانكردن و دزیكردن بەردەوامە، بە تایبەت ئەوانەی دەوڵەمەندن دەرفێندرێن و بە ‌پارە ئازاد دەكرێن و هەندێكیشیان دەكوژرێن".

بەڕێوەبەری ئاساییشی داقووق هەروەها ڕاشیگەیاند: "ناوچەی كاكەیی و ئەو ناوچانەی پێشتر پێشمەرگە لە ناوچەی ئەلبومحەمەد هەبوو و پارێزگاری لێ دەكرد، ئێستا جموجۆڵی داعش بە ‌شێوەیەكی بەرچاو و ئاشكرا زیادی كردووە، كە شەوانە تیرۆریستان بە ‌چەندین ئۆتۆمبێل لە ناوچەكەدا‌ بە بێ ترس هاتوچۆ دەكەن، ئەمەیش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر خەڵكی داقووق و تەنانەت كەركووكیش، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هێزە عێراقییەكان توانای پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەكەیان نییە."

 

بڵند ئیبراهیم