Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: هەرێمی كوردستان بژاردەی زۆری لە بەردەمدان

 

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی نیوزلەندا، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەگەر پێشێلكارییە دەستوورییەكان بەردەوام بن، ناتوانین بێدەنگ بین و، هەرێمی كوردستانیش بژاردەی دەستووریی زۆری لە بەردەمدان بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافەكانی بكات".

مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 7/3/2018 پێشوازیی لە برادلی ساودن، باڵیۆزی نیوزلەندا لە بەغدا كرد.

لەم دیدارەدا، دواڕەوشی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و بەردەوامیی هەماهەنگیی زیاتر لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانی دژ بە تیرۆر، تاوتوو كران.

باڵیۆزی نیوزلەندا، وێڕای ستاییشی رۆڵی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ فراوانكردنی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەرێم و نیوزلەندا دەربڕی و، ئاواتی خواست هەرچی زووترە كێشەكانی هەولێر و بەغدا كۆتاییان پێ بێت، تاكو زەمینەی لەبارتر بۆ ئاشتی و سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری بڕەخسێت.

لە بەرانبەردا، مەسروور بارزانی جەختی لە بەردەوامیی هەرێمی كوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا كردەوە و گوتی: "هەرێمی كوردستان وێڕای هەموو كۆسپ و تەگەرەكان، لە ریزی پێشەوەی بەرەی دژ بە تیرۆریستان دەمێنێتەوە".

لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم ڕایگەیاند: "هەرێمی كوردستان خوازیارە بەپێی دەستوور گشت كێشەكان چارە بكرێن، بەڵام ئەگەر پێشێلكارییە دەستوورییەكان بەردەوام بن، ناتوانین بێدەنگ بین و، هەرێمی كوردستانیش بژاردەی دەستووریی زۆری لە بەردەمدان بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافەكانی بكات".