Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: پەسەندکردنی بودجە پێچەوانەى ئەو پرەنسیپانە بوو كە عێراقى نوێی لەسەر دامەزراوە

هەولێر-KDP.info- سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ کونسووڵی تورکیا لە هەولێر ئاماژەى بە نوێكردنەوە بەردەوامى ئابلۆقەى ئاسمانیى سەر فڕۆكەخانەكانى هەرێمى كوردستان لە گەشتەكانى دەرەوە كرد، كە ئەمە پێچەوانەى جاڕنامەى گەردوونیى مافى مرۆڤە و چۆن سەرۆكوەزیران سزاى بەشێك لە هاونیشتمانییەكانى دەدات، كە بانگەوازى عێراقى یەكپارچە و یەكگرتوو دەكات.


ئەمڕۆ لە بارەگاى مەكتەبى سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان، فازڵ میرانى، سكرتێرى مەكتەبى سیاسی پێشوازیى لە كونسووڵى كۆمارى توركیا، هاكان قراچاى و جێگرى كونسووڵى توركیا لە هەرێمى كوردستان كرد.

لە دانیشتنەكەدا وێڕاى بەخێرهێنانى مێوانان, سكرتێرى مەكتەبى سیاسى سەبارەت بە بارودۆخى ئێستاى هەرێمى كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەگشتى دوا و تیشكى خستە سەر ڕەوشى سیاسى و ئابوورى و هەڵبژاردنەكانى داهاتووى عێراق و هەرێمى كوردستان، بەتایبەتى پەیوەندییەكانى نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو كێشە و گرفتە هەڵواسراوانەى  كە گرنگن بە ڕێگاى دیالۆگ و لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بكرێن.

دواتر فازڵ میرانى ئاماژەى بە ئەو ناحەقیەى بەرامبەر خەڵكى هەرێمى كوردستان كرد، کە بە پەسەندكردنى یاساى بودجە لە ئەنجومەنى نوینەرانى عیراق بە زۆرینەى دەنگ و بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرانى كورد کرا و ئەمە پێچەوانەى ئەو پرەنسیپانەیە كە عێراقى نوێی لەسەر دامەزراوە، لە تەوافق و هاوسەنگى و بەبێ فەرامۆشكردنى هیچ پێكهاتەیەك و ئەمە دەرهاوێشتەى عەقڵیەتى تاكڕەوانەیە لە بڕیاردانى دەسەڵاتدارانى عێراق.

میرانى ئاماژەى بە نوێكردنەوە بەردەوامى ئابڵۆقەى ئاسمانیى سەر فڕۆكەخانەكانى هەرێمى كوردستان لە گەشتەكانى دەرەوە كرد و گوتی، ئەمە پێچەوانەى جاڕنامەى گەردوونیى مافى مرۆڤە، چۆن سەرۆكوەزیران سزاى بەشێك لە هاونیشتمانییەكانى دەدات، كە بانگەوازى عێراقى یەكپارچە و یەكگرتوو دەكات.
سكرتێرى مەكتەبى سیاسى ئاماژە بە پیوەندییەكانى نێوان هەردوولا دا و هیواى خواست ئەم پەیوەندییانە بەرەو پێشتر بچن .
كونسووڵی كۆمارى توركیاش سوپاسى سكرتێرى مەكتەبى سیاسی كرد و تەئكیدى كرد كە ئەوان لەگەڵ چارەى ئاشتییانەى كێشەكانن بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن، وا كە هیچ پێكهاتەیەك فەرامۆش نەكرێت و ڕەچاوى مافى هەموو لایەك بكرێت.