Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دوای خیانەت دەبێ تەبایی بێت

سه‌رۆ قادر
لەم قۆناغەدا پێویستە سەرەڕای هەموو برینەکان، رۆشنبیرانی سیاسی لەگەڵ تەباییی سیاسیی کوردستاندا بن. خیانەت هەبوو، بەڵام دەبێ باسی دوای خیانەت بکەین.
دوای خیانەت تەباییە، دوای خیانەت هەلڵسەنگاندنی باشە، دوای خیانەت تەبایی و گەڕانەوەیە بۆ بڕیاری میللەت کە ریفراندۆمە. ئەمە دەبێ گفتوگۆی سەرەکی بێت لەنێوان ئێمە و هەموو ئەوانەی کە لە ئێستادا هەوڵ دەدەن بەرژەوەندیی خۆیان لەسەر بنەمای لێدانی دەرەنجامی ریفراندۆم دروست بکەن.
جیهانی بەهێز و دەوڵەتانی ئێستا، گوشار بۆ عێراق دێنن دەروازەکانی کوردستان بکاتەوە، فرۆکەخانەکان بکاتەوە، بودجە بنێرێت و لەگەڵ کوردستان دابنیشێ و تەفسیری دەستووری عێراق وەک خۆی بکرێ. ئەوانە گرینگن، چونکە هاوشانە لەگەڵ چەمکی کوردستانێکی به‌هێز.
دەبێ لەبیرمان بێ کە ئێمە کوردستانێکی بەهێزمان نابێ ئەگەر بەردەوام پەیوەندیی باشمان نەبێت لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی، بەرژەوەندی جووتمان دەکات. دەبێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی جووڵە بکەین، نەک لەسەر بنەمای سۆز. لەسەر بنەمای ئەوەی دوێنێ لە شنگال شەڕمان بۆ کردوون و داعشمان بۆ شکاندوون، ئەمە هیچ شتێک لای ئەورووپا و ئەمەریکا و هیچ دەوڵەتێک دروست ناکات.
کورد کە داعشی تێکشکاند، پێوەر لەوەیە ئێستا چەند دەتوانێ ئەو دەستکەوتانە بپارێزی و چەند پەیوەندیی باش دروست دەکات، چەند دەتوانێ دەوڵەتێکی ئەمری واقیع بێت لە پاراستنی باڵانسی بەرژەوەندییەکانی ناوچەدا.