Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێستا و ئەوساى ڕاپەڕین

د.چواس حه‌سه‌ن

یەکێک لە دیاردەکانى سەردەمى پێش ڕاپەڕین، ئەوکاتەى کە دیکتاتۆر لەوپەڕى هێزى خۆیدا بوو و کورد لەوپەڕى بێدەسەڵاتیدا بوو، بگرە شەکەت و ماندوو و خوێناوى و نیوە مردوویش ببوو، ئەوەبوو کە جیاوازىی فیکرى لەنێوان تاکەکانى کۆمەڵگاى کوردەواریدا، لەژێر گوشارى بەردەوامى ڕژێمدا، بەردەوام کاڵ دەبووەوە، بگرە خۆى دەدا لەوەى هەستت بەبوونی نەدەکرد. ئەو شەڕە بەناو هزریانەى لەنێوان لایەنگرانى حزبەکاندا کە تا ناوەڕاستى هەشتاکان رۆژانە گەرم و گەرمتر دەبوو، گوێبیستى نەدەبوویت. پارتى و یەکێتى و شیوعى و ئیسلامیبوون زۆر کاڵ ببووەوە، هەموو قوربانى بووین، هەستی بەکۆیلەبوون و زیندانیبوون زاڵبوون بەسەرماندا، ئیتر جیاوازیى فیکرى چى و چى و چى، چ مانایەکى مابوو؟!! ئێمە بەکۆمەڵ دەکوژراین و ڕادەگوێزراین و سەرنگوم دەکراین، چ جیاوازییەکى دەبوو گەر وەک پارتییەک یان یەکێتییەک یان چى و چییەک بیرمان بکردایەتەوە؟ یەک مەترسى و یەک کێشە و یەک چارەسەر هەبوون و بەس، هیچ رێگایەکی ناوەند لەنێوان کورد و بەعسدا نەمابوو، جگە لە مان یان نەمانى یەکێکمان.
ئەم ڕاستییە تەواو تەواو لە ڕاپەڕین و پاشانیش کۆڕەودا هەستى پێکرا، بەوەى کە لە رۆژانى ڕاپەڕیندا هەموو کورد ڕاپەڕى، چەک و تفەنگى پێشمەرگە و شۆڕش و خەڵک لە پاڵ یەکدا تەقەیان لە بەعس دەکرد، گرینگ ئەوەبوو تەقە لە بەعس بکەیت و ڕاوەدووى بنێى، بۆیە هەموو ئاشت بووینەوە. ئەوێ رۆژێ تەنها کوردستانی بایت بەس بوو، تاکە ناسنامە کوردستانیبوون بوو، باوکم بە بەرچاوى خۆمەوە رەفیق حزبییەکانى موەنەزەمەى شارۆچکەى خەبات، کە لە ژوورێکى بچووکدا دەستبەسەر بوون، ناردنیەوە ماڵى خۆیان، بە خاتری ئەوەى کورد بوون، گوێم لێ بوو تەنها پێى گوتن: لەمەودوا پیاو بن، ئەوانیش گوتیان: پەیمان. ڕاستگۆیش دەرچوون.
ئەوساى ڕاپەڕین پتر لە جەختکردنەوە و نوێکردنەوەى گرێبەستێکى کۆمەڵایەتى دەچوو، کە لەنێوان هەموو تاکێکى کورددا لە هەرێمى کوردستاندا دەبەسترا، گرێبەستێک بە شێوازێکى نوێ و لە کۆمەڵگایەکى نوێدا. بۆ یەکەم جار لە دواى شۆڕشى ئەیلوول، کۆمەڵگاى کوردى، لانى کەم لە بەشێکى فراوان و ئەکتیڤى وەک هەرێمى کوردستانى ئەمڕۆدا، یەکدەنگ بە هەموو جیهانى گوت: هێشتا ئێمە وەک نەتەوەیەک و کۆمەڵگایەک ماوین و دەمێنین، هێشتا بەرهەمى سەد و ئەوەند ساڵەى کوشتن و بڕین و سوتماکردنى خۆمان و خاکمان چۆکمان پێ دانادات، هێشتا لەگەڵ هەموو جیاوازى و ناکۆکییەکانماندا لە بەردەم مان و نەمانى نەتەوەکەماندا یەکدەست و ڕەنگ و دەنگین.
ئەوسا، هەموو دەمانتوانى لە چوارچێوەى کوردایەتیدا هەر حزبێک بین، بیرمان لە کەمینە و زۆرینە نەدەکردەوە، هەموو حزبێک دەبوایە لە بەرەى کوردستانى کورسیى ببوایە، دەنگى ببوایە، چەمکى حزبی بچووک و گەورە پەیدانەببوو. ئەوسا لە سەردەمێکى ڕەهاى ئازادى دەچوو.
ئەوسا بڕیارمان دا بە یەکەوە وڵاتێک دابمەزرێنین، چیی تر لەژێر سایەى داگیرکاریدا نەژیێن، بە هەرنرخێک بێت بە یەکەوە بین باشترە وەک لەوەى جیاواز بین، نەڕۆین باشترە وەک لەوەى یەکترى بەجێبهێڵین، سەردەمێکى نوێى حوکمڕانیى کوردى، لە دواى پتر لە سەدەونیوێک لە لەبەینبردنى میرنشینە کوردییەکان، دابمەزرێنین.
ڕاپەڕینى کوردستان، هەرچەندە وەک ڕووداوێکى کوردى ڕووت دەردەکەوت، بەڵام ڕووداو و وەرچەرخانەکانى دوایی و ئێستاى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، سەلماندیان ڕاپەڕین تەنها یەکەم ئەڵقەى زنجیرەى گۆڕانکاریى گەورەى ناوچەکەیە، هەنگاونانە بەرەو ئەو ئازادى و یەکسانییەى کە گرووپ و تاکەکانى ناوچەکە، دەمێکە و لە سەردەمانێکى زۆر زۆر لەمێژەوە خەونى پێوەدەبینن. هێشتایش ئەم زنجیرەیە لە سەرەتایدایە و گەلێک ئەڵقەى ترى ماوە.
بۆیە پرسیارەکانى بەردەم یادى ڕاپەڕین ئەمانەن:
- ڕاپەڕین مەغزا و مانایەکى بۆ ئێستا پێوە ماوە؟
- کێ ئەرکە تەواونەبووەکانى ڕاپەڕین تەواو دەکات؟
- گەندەڵى کە خۆرانەى چەمکى ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانیەتى، چیمان پێدەکات و کێ دەبێت لەبەینى بەرێت؟