Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پەرلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن

هەولێر-KDP.info-  سەرۆك بارزانی بەبۆنەی بیستوحەفتەمین ساڵی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان  لە پەیامیدا رایگەیاند، كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پارلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە كۆببنەوە و بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی بیستوحەفتەمین ساڵی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە بیستو حەفتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان و سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان.

ڕاپەڕینی بەهاری 1991 هێمای خۆبەدەستەوەنەدان و قبوڵنەكردنی زوڵم و داگیركارییە، دەستكەوتەكانی ئەو ڕووداوە مەزنە دیارن و ڕاپەڕین پەندێكی گرانبەهایە بۆ هەموومان كە ماف و ئازادی نابەخشرێت بەڵكو دەبێ وەدەستی بهێنین.
ئەوەی بە ناوی پەسەندكردنی بوودجە لە 3ـی 3ـی 2018 لە پارلەمانی عێراقدا ڕووی دا بە ڕوونی بریتی بوو لە پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازون و بنەماكانی دەستوور و چەوساندنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراوی گەلی كوردستان. هیوادارم ئەو هەڵسوكەوتە زۆر لە ڕاستییەكانی بۆ ناوخۆی كوردستان و دەرەوە ئاشكرا كردبێت و بزاندرێت كە گەلی كوردستان لەگەڵ چ عەقڵیەت و فەرهەنگێك تەرەفە. كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پارلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە كۆببنەوە و بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن.
لەیادی ڕاپەڕیندا پێزانینم بۆ خەڵكی كوردستان هەیە و پڕ بە دڵ سوپاسیان دەكەم كە لەبەرانبەر ئابڵۆقە و گوشار و داگیركاریدا بە سەربەرزی و خۆڕاگری و بە ئیرادەیەكی پۆڵایین وەستاون.

مەسعوود بارزانی
4ـی3ـی2018