Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دۆستێکی سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتە دیموکراتەکانی جیھان ھەڵبژێردرا

 

هەولێر-KDP.info-  لەمیانی کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی پارتە دیموکراتەکانی جیھان و ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی تازە بۆ سەرۆکی پارتە دیموکراتەکانی جیھان لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، (ستیفن ھارپەر) سەرۆکی حکوومەتی پێشووی کەنەدا بە زۆرینەی دەنگ، وەکو سەرۆکی پارتە دیموکراتەکانی جیھان ھەڵبژێردرا.

لەوبارەوە فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی لاوانی پارتە دیموکراتەکانی جیھان رایگەیاند، ھارپەر دۆستێکی نزیکی جەنابی سەرۆک بارزانییە و کاتی خۆیشی کە سەرۆکی حکوومەتی کەنەدا بووە، بە فەرمی سەردانی کوردستانی کردووە. ئەوکات لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەنابی سەرۆک بارزانی پێشوازیی کراوە.

 

فەلاح حەسەن کە لاوێکی باشووری کوردستان و جێگری سەرۆکی لاوانی دیموکراتەکانی جیھانە، گوتی، "بەڕێز ھارپەر پێیگوتم، من دۆستێکی نزیکی سەرۆک بارزانیم و خۆشەویستیم ھەیە بۆ گەلی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا سەردانی ھەولێرم کردووە و سەردانی پێشمەرگەشم لە ھێڵەکانی پێشەوەی بەرگری کردووە لە شەڕی دژی داعشدا."

جێگری سەرۆکی لاوانی جیھانی کە بە فەرمی بەشداریی دەنگدانەکەی کردووە دەڵێت، "ئەمە دەستەکەوتێکی باشە بۆ ھەرێمەکەمان لەم کات و ساتەدا کە بەڕێز ستیفن ھاڕپەر ئەم پۆستەی وەرگرتووە، ھیوادارم ھەنگاوێکی ئەرێنی بێت بۆ پشتگیریی نێودەوڵەتی لە مافەکانی گەلی کورد."

شایەنی باسە پارتە دیموکراتەکانی جیھان کە ناسراوە بە (یەکێتیی دیمۆکراتەکانی جیھان - IDU) لە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراوە و زیاتر لە ٦٣ وڵات لەسەر ئاستی جیھان تیایدا ئەندامن و، گەورەترین چەترە بۆ کۆکردنەوەی پارتەکان لە جیھاندا.