Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: هێرشکردنەسەر کەسایەتییەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان قبووڵكراو نییه‌

 

هه‌ولێر-KDP.info-  لە دوای ئەوەی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کەسێک هێرش دەکاتە سەر پارێزگاری هەولێر، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەن و داوا لە دەزگا بەرپرسیارەکان دەکەن رێکاری یاسایی بگرنەبەر.

لە راگەیێندراوێکدا کە وێنه‌یه‌كی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوه‌، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پاریزگای هەولێر رایدەگەیێنێ: "دوابەدوای ئەو هێرشە ناڕەوا و دوور لە هەموو خوو و رەوشتێکی مرۆڤایەتی کراوەتە سەر کەسایەتیی پارێزگای هەولێر (پارێزگاری هەولێر)، ئەو کەسایەتییە کە جێگای متمانەی زۆربەی خەڵکی هەولێر بووە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، لە بەرواری 22-2-2018 بە وەفدێکی فەرمی لە برۆکسلی پایتەختی وڵاتی بەلجیکا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ خزمەتی کوردستان.''

دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هه‌روه‌ها رایدەگەیێنێت: "ئەم هێرشە لەلایەن کەسێک کە بەداخەوە دیارە بەرپرسیاریەتیشی هەیە و، سەر بە لایەنێکە و ئەنجام دراوە بە مەبەستی لەکەدارکردنی کەسایەتییەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک جێگای قبووڵکردن نییە و ئیدانەی دەکەین و لەسەر دەزگاکانی بەرپرسیار پێویستە رێکارە یاساییەکان بگرنە بەر بۆ رێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە فەرهەنگە قێزەونە دوور لە داب و نەریتی دەوڵەمەندی کوردستان، کە ئامانجیان زیاتر شکاندنی شکۆی کەسایەتی و خەڵکی دڵسۆز و کوردستانمانە".

بە بەشداریی نەوزاد هادی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و فەرهاد ئەترووشی، هەرسێ پارێزگاری هەولێر، سلێمانی و دهۆک کۆنفرانسی وزە لە برۆکسل بەڕێوە دەچێت.

لەو کۆنفرانسەدا، کە لە رۆژی 21-2-2018 دەستیپێکرد و ئەمڕۆیش بەردەوام بوو، ژمارەیەکی زۆر لە پارێزگار و سەرۆک شارەوانییەکانی ئەورووپا و جیهان بەشدارن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە لەبەردەم پەرلەمانی ئەورووپا و لە کاتی تێپەڕینی سێ پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان، کەسێک دەچێتە بەردەمیان و دەستدەکات بە جنێودان بە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر.