Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرزنجی: هاوپەیمانێتیی عەبادی بەرەو لاوازی دەچێ و ناچارە داواکاریی کورد جێبەجێ بکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی سەنتەری زەھاوی بۆ لێکۆڵینەوە ئاشکرای کرد، زانیاری ھەیە لە مانگی ئاداری داھاتوودا ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا دەگەنە ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دەشڵێ، ھاوپەیمانیی عەبادی بەرەو لاوازی دەچێت و ناچارە داوکاریی کورد جێبەجێ بکات.

دکتۆر سەباح بەرزنجی، سەرۆکی سەنتەری زەھاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فکری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کراوەنەیەک دروست دەبێت لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئاداری داھاتوودا بگەنە ڕێککەوتن، ئەوەش پەیوەندیی بەوەوە ھەیە چەندە پێشنیاری کورد و بەغدا لێک نزیک بن، فشاری نێودەوڵەتی ھەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ئەو ھەوڵە نێودەوڵەتییە گرنگیشە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو فشارە نێودەوڵەتییە نەبێت حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق حەماسی نابێت، ھەندێ گۆڕانکاریش بەڕێوەیە لەوەی ھاوپەیمانیی عەبادی بەرە لاوازی دەچێت و ناچارە ھەندێ داوکاریی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات."

وڵاتانی جیھان بەردەوام پشتگیریی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان پێشان داوە کە دەبێ مافە دەستووری و یاسایییەکانی پارێزراو بن، ئەوەش بەغدای ناچار کردووە لە دەرچەیەک بگەڕێت بۆ ئەوەی لەسەر پرسە ھەڵواسراوەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بگاتە ڕێککەوتن.

دکتۆر سەباح بەرزنجی، کە مامۆستای زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییە، گوتی: "پێویستە کورد یەکڕیز بێت لەم قۆناغەدا، چونکە ھەموو لایەک بەشدارە لەوەی چاودێریی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا دەکەن، پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، پشتگیرییەکە تا ئێستا ھەندێ ئەنجامیشی ھەبووە و توانیویەتی بەستەڵەکی نێوان ھەولێر و بەغدا تا ڕاددەیەک بتوێنێتەوە."

قائید میرۆ