Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: نازانین کێ نووسراوی کردنەوەی فڕگەکانی ساختە کردووە

 

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان دەڵێ، ئه‌وكاته‌ی نووسراوەکەی به‌غدایان بە دەست گەیشتووه‌، زانیویانه‌ ساختەیە و ده‌ستبه‌جێ بەغدایان لێ ئاگادار کردوه‌تەوە.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە میدیایەکی عەرەبی راگەیاندووە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر سەرپەرشتیكردنی فڕگەكانی ھەولێر و سلێمانی لە لایەن فەرمانبەرانی سەر بە حكوومەتی فیدڕاڵی رازی بووە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمیش دەڵێ، ''وەڵامی کۆتایی لای ئێمە نییە.''

وێڕای هەوڵە دەرەکی و ناوخۆییەکان لەسەر بەغدا بۆ کردنەوەی هەردوو فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی و گفتۆگۆکان، تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی نەبووە، عەبادییش لە دوالێدوانیدا لەسەر کردنەوەی هەردوو فڕگه‌کە، گوتی: "هەتاوەکو هەرێم رازی نەبێ دەستەڵاتی تەواوی فیدراڵی بەسەر فڕگەکاندا جێبەجێ بکەین، گەر تا ١٠ ساڵی تریش بێت، فرگەکان ناکەینەوە".

ئومێد محەممەد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی  پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان ئاگاداری ئەو رێککەوتنانە نین، کە پەیوەندییان بە وەزارەتەکەیانەوە نییە، نموونەشی بە بەشی جەوازات و گومرگ و ئەمنیی فڕگه‌كان هێنایەوە.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەو بابەتانەی پەیوەندیدار بە وەزارەتەکەیان کرد، کە لەگەڵ ناوەند رێککەوتوون، ئەوانیش لەسەر بەشداریی فڕگه‌كانی هەولێر و سلێمانی لە کۆڕ و کۆبوونەوەی مانگی و دەولیی بەغداد ئامادە بن، گوتی: "وەزارەتی داراییی هەرێم لەسەر بابەتی گومرگی نێو فڕگەکان کۆبوونەوەیان کردووە و، ئێمە ئاگاداری ناوەڕۆکی نین، ئەوەشی پەیوەندی بە هاتنی پۆلیسی ئیتیحادییەوەیە، وەزارەتی ناوخۆ لێی ئاگادارە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە دوالێدوانیشیدا ئاماژەی بە ساختەکردنی ئەو نووسراوەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، سەبارەت بە کردنەوەی هەردوو فڕگەکەی هەرێم و گوتی: "ئێمە تەنیا بڕیارمان داوە بە رووی عەمرەکاندا بکرێتەوە، هاوکات حاڵەتێکی فەرمیی پێویست"، ئومێد گوتی: "کاتێک نووسراوەکەمان بۆ هات، زانیمان ساختەیە، پرسیاری بەغدامان کرد و وتیان ئەو نووسراوە، بەو شێوە نییە، ناشزانین کێ ساختەی کردووە و چ مەبەستێکی لە پشتەوەیە".

خێڵان بەختیار