Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سیوەیلی: گۆڕانكارییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی هه‌رێم زۆر پۆزەتیڤن.. بەغدا لە ژێر گوشاردایه‌

 

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، حكوومەتی عێراق زۆر ھەوڵی دا ئابڵووقەی دیپلۆماسی بخاتە سەر ھەرێمی كوردستان، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، چونكە وڵاتان زۆر بەپەرۆشن پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا پەرە پێ بدەن، ھەر بۆیەیش بەردەوام گوشار لە حكوومەتی عێراق دەكەن كێشەكانیان لەگەڵ ھەرێم چارە بكەن.

ھۆشیار سیوەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "گۆڕانكاریی دیپلۆماسی بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان ڕوویان داوە و زۆر پۆزەتیڤن، چونكە حكوومەتی عێراق زۆر ھەوڵی دا لەگەڵ ئابڵووقەی ئابووریدا، ئابڵووقەی دیپلۆماسییش بخاتە سەر ھەرێمی كوردستان، بە تایبەت شەخسی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، چونكە وڵاتان زۆر بەپەرۆشن پەرە بە  پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بدەن، ئەمەش زیاتر بۆ رۆڵی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەگەرێتەوە كە رۆڵێكی زۆر ئەرێنیی ھەبووە" .

سیوەیلی گوتیشی، "ماوەیەك بوو سەرۆكوەزیرانی عێراق رێگەی بە ھیچ بەرپرسێكی وڵاتان نەدەدا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ویستی سەردانی ھەولێر بكات و رێگەیان پێ نەدا، بۆیە رەتی كردەوە بێتە عێراق و دواتر حكوومەتی عێراق نەیتوانی رێگری لە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بكات سەردانی ھەرێم بكات و، پاشان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی ھەرێمیان كرد و، حكوومەتی عێراق نەیتوانی رێگری بكات، لە لایەكی دیكەیشەوە كاتێك سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم لە كۆنگرەی داڤۆس و میونشن لەگەڵ بەرپرسی وڵاتاندا كۆ بووەوە، ئەمە ئەوە نیشان دەدات وڵاتان ئارەزوویان ھەیە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتان زۆر باش بێت و دەیانەوێت رۆڵێكی ئیجابییان ھەبێت لە چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بۆیە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێم و وڵاتان بە ئەرێنی ھەڵدەسەنگێنین".

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەش كرد، "لە ڕووی دیپلۆماسییەوە دوو ئاست ھەیە، یەكێكیان لە ڕووی راگەیاندن باس دەكرێت و ئەوەی دووەم باس ناكرێت، ئەویش ئەوەیە كە لە دیدارەكانیان لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا بە بەردەوامی گوشار لە حكوومەتی عێراق دەكەن كێشەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارە بكەن، بە تایبەت فەڕەنسا و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و تەنانەت وڵاتانی دیكەیش، پێش دوو رۆژیش نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لە راپۆرتی خۆیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاساییش، داوای كردووە كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە بكرێن، بۆیە گرینگیپێدانێكی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە بكرێن، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق بە ھۆی ھەندێك ھۆكاری سیاسی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەوە، كێشەكانی چارە نەكردووە".

ئەو هەروەها دەشڵێت، "ئەمە مانای ئەوە نییە سەرۆكوەزیرانی عێراق تا ماوەیەكی درێژ بتوانێ بەرگەی ئەو ھەموو گوشارە نێودەوڵەتییە بگرێت، بەڵام بە قسەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە دیارە كە لە ژێر گوشارێكی زۆری نێودەوڵەتیدایە، بۆیە بەردەوام باس لەوە دەكات كە ھەنگاوی باشیان بڕیوە بۆ چارەكردنی كێشەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا" .

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ھەرێم لەگەڵ توركیا و ئێرانیش، سیوەیلی گوتی، "لە ئێستادا جیددییەتێكی زۆر ھەیە كە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران و توركیا ئاسایی بكرێنەوە، بە تایبەت سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ ئێران زۆر گرینگ بوو و، ئێران باسی لەوە كردووە كە ھاوكار دەبن بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارە ببن، لەگەڵ توركیایشدا پەیوەندیی بەردەوام ھەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان ئاسایی ببنەوە."

 

بڵند ئیبراھیم