Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی ھالۆ: پەیامی عەفرین ده‌گه‌یه‌نینه‌ نوێنەری وڵاتان لە ھەرێم

 

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری فڕاكسیۆنی زەرد لە شاندی پەرلەمانی كوردستان بۆ عەفرین ڕایدەگەیێنێت، دەستیان بە سەردانیكردنی نوێنەری وڵاتان لە ھەرێم كردووە و، پەیامی عەفرینیان پێ گەیاندوون. دەشڵێ، "داوامان كردووە ھاوكاریی ئەو شارە بكەن و، وەڵامی ئەوانیش ئەرێنی بووە".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی شاری عەفرینی كرد وەكوو پشتگیریكردن، بە ھۆی ئەوەی توركیا ھێرشی زەمینی و ئاسمانیی بۆ سەر ئەو شارە دەست پێ كردووە، كە نزیكەی مانگێك دەبێت و زیانی زۆری گیانی و ماددییشی ھەبووە، ئێستایش شاندەكە گەڕاوەتەوە بۆ ھەرێمی كوردستان و بڕیارە سەردانی نوێنەری وڵاتان بكات و پەیامی عەفرین بگەیێننە ئەو وڵاتانە و دوای ھاوكارییشیان لێ بكەن.

نوێنەری فڕاكسیۆنی زەرد لە شاندی پەرلەمانی كوردستان بۆ عەفرین عەلی ھالۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوای گەڕانەوەمان لە شاری عەفرین، راپۆرتێكمان لەبارەی دۆخی ئەو شارەوە ئامادە كردووە و، بڕیارە سەردانی نوێنەری وڵاتان لە ھەرێمی كوردستان بكەین و پەیامی عەفرینیان پێ بگەیێنین، لە ئێستایشدا دەستمان بە سەردانیكردنی كۆنسووڵخانەی وڵاتان لە ھەرێم كردووە و تا ئێستا سەردانی كۆنسووڵخانەی ئەڵمانیان و ڕووسیامان كردووە، لەو سەردانانەیشدا پەیامی خەڵكی عەفرینمان گەیاندە ئەوان و، داوامان لێ كردن ھاوكاریی ئەو شارە بكەن، چونكە پێویستیان بە ھاوكاری ھەیە" .

ھالۆ گوتیشی، "جگە لەو كۆنسووڵخانانە، سەردانی خاچی سووری نێودەوڵەتییشمان كردووە و، داوامان لێ كردن ھاوكاریی عەفرین بكەن، بڕیاریشە حەفتەی دادێ سەردانی چەند نوێنەرایەتییەكی دیكەی وڵاتان لە ھەرێمی كوردستان بكەین".

نوێنەری فڕاكسیۆنی زەرد لە شاندی پەرلەمانی كوردستان بۆ عەفرین باسی لەوەیش كرد، "وەڵامی ئەوان كە سەردانمان كردن، زۆر ئەرێنی بوو و، بڕیارە لەگەڵ وڵاتانی خۆیاندا قسە بكەن بۆ ئەوەی ھاوكاریی پێشكەشی عەفرین بكەن، جگە لەوەیش گلەیی ئەوەمان گەیاندە ڕووسیا كە رێگەیان داوە توركیا ئاسمانی عەفرین بۆ تۆپبارانكردنی ئەو شارە بەكار بێنێت، هەر وەك ساڵی ١٩٤٦ هەمان ھەڵەیان دووبارە كردەوە" .

 

بڵند ئیبراھیم