Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمان گفتوگۆکان چڕ دەکاتەوە.. پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسند دەکرێ

 

ھەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە بەردەوام دەبێت و، بڕیارە ئەمڕۆیش پڕۆژەیاساكە پەسەند بكرێت.

پەرلەمانی كوردستان، لە دوێنێوە دەستی بە گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە بواری مووچە و خانەنشینیدا كردووە، كە پڕۆژەكە لەلایەن حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان رەوانە كراوە و لە ٢٣ ماددە پێك دێت، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەیش ئەگەر پەسەند بكرێت، مانگانە نزیكەی ١٠٠ملیار دینار بۆ دارایی گشتی دەگەڕێتەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێی پەرلەماندا، دواى گفتوگۆیه‌كى چڕ له‌ باره‌ى پڕۆژه‌یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌ و خانه‌نشینى نایاسایى، خانه‌نشینى پله‌ تایبه‌ته‌كان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌. بەوگوێرەیە، له‌مه‌ودوا په‌رله‌مانتارانیش به‌ رێژه‌ى سه‌دا 20ى مووچه‌كانیان خانه‌نشین ده‌كرێن و نابێت له‌ هیچ حاڵه‌تێكدا خانه‌نشینیان بگاته‌ له‌ سه‌دا 60ى مووچه‌كانیان.
له‌ خانه‌نشینى سه‌ربازییشدا، ئه‌وانه‌ى به‌ نایاسایى خانه‌نشین كراون، خانه‌نشینییه‌كه‌یان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى رێزلێنانى پێشمه‌رگه‌ جێگه‌یان ده‌كرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى زیانیان به‌رنه‌كه‌وێت.
نازم ھەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە و تێیدا درێژە بە گفتوگۆ و پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە بواری مووچە و خانەنشینی دەكات، كە لە كۆبوونەوەی دوێنێدا ٣ ماددە پەسەند كران و ٢٠ـیش ماون".
ھەركی گوتیشی، ئەو پڕۆژەیاسایە گفتوگۆی زۆری پێویستە و، لەلایەن پەرلەمانتارانەوە قسەی زۆر لەسەر ماددەكانی دەكرێت، چونكە پڕۆژەیاساكە زۆر گرینگە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ناوخۆ دەشڵێ، بڕیار وایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسای چاكسازی لە بواری مووچە و خانەنشینیدا پەسەند بكات.

بڵند ئیبراھیم