Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاوكاریی دارایی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە گەییشتووە و دەست بە خەرجكردنی دەكرێت

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ھاوكاریی دارایی ئەمەریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە گەییشتووە و، بڕیارە دەست بە خەرجكردنی بكرێت بۆ خزمەتكردنی ھێزی پێشمەرگە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا پێنتاگۆن، بەشێك لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ـی خۆی، بۆ ھێزی پێشمەرگە تەرخان كردووە وەكوو ھاوكاری، چونكە ساڵی رابردوویش بەشێك لە بوودجەكەی بۆ پێشمەرگە تەرخان كردبوو، ئەمەیش بۆ رۆڵی قارەمانانەی ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بە تایبەت لە شەڕی داعشدا، چونكە ھێزی پێشمەرگە توانی ئەفسانەی داعش تێك بشكێنێت.

لەو بارەیەوە، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان عەمید ھەڵگورد حیكمەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھاوكاریی دارایی ئەمەریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە گەییشتووەتە ھەرێمی كوردستان، كە ٣٦٥ملیۆن دۆلارە و، ئەمەیش وەكوو ھاوكارییە بۆ ھێزی پێشمەرگە كە بۆ ساڵی ٢٠١٨ـیە و پشكی پێشمەرگەیە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا".

حیكمەت گوتیشی، وەزارەتی پێشمەرگە دەست بە خەرجكردنی پارەكە دەكات لە ژێر سەرپەرشتیی ئەمەریكاییەكان و، پارەكەیش بۆ ساڵی ٢٠١٨ـیە و، لە مانگی یەكەوە بۆ خزمەتكردنی ھێزی پێشمەرگە خەرج دەكرێت .

 

بڵند ئیبراھیم