Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میونیخ و نەوای ئارام

ئاریان فەرەج

ناوچەكە نەك هەر لە مەترسیی تیرۆر و توندڕۆیی و داعش و هاوشێوەكانی قورتار نەبووە، نەك هەر رووی لە ئاشتی و سەقامگیریی نییە، بەڵكو بە بڕوای زۆر لە كارناسان، هێشتا زۆر زووە باس لە كۆتاییی داعش و توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت. هەر خۆشخەیاڵییەكیش لەو بارەیەوە نادیتەگرتنی ئەو هۆكارە جەوهەریانەن كە وەك چۆن داعشیان بەرهەم هێنا، دەتوانن لەو دڕندەتر بەرهەم بێنن و ئەو هۆكارانەش نەك هەر نەماون، بەڵكو تۆختر بوونەتەوە و لە هەركات هەراشترن.
كوردستان لە شەڕی داعشدا تەنیا رۆڵی بەرپەرچدانەوە و تێكشكاندنی شەپۆلی پەلامارەكانی داعشی نەكەوتە ئەستۆ، بەڵكو بووە نەوایەكی ئارامیش بۆ ملیۆنان جەنگزەدە و لێقەوماوی شەڕ و توندڕۆییی مەزهەبی و ئایینی. لەو شەڕەدا جگە لە كوردستان لە كۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بستەزەمینێك نەبوو خەڵكی هەڵاتوو لە شەڕ و ململانێ رووی تێبكەن. لە ناوچەیەكدا كە توندڕۆییی دینی و بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان و شەڕی عەبەسیانەی یەكدی نەفیكردن بووەتە باشترین ئاخوڕی پەروەردەكردن و بەرهەمهێنانی تیرۆر و دڕندەیی، جیا لە كوردستان جێیەك نەبوو دڕكی ئەو بەدبەختییە چەكەرەی تێدا نەكردبێ. تەنیا كوردستان بوو كە تەنانەت بەشەڕهاتووەكانیش پێكەوە تێیدا دەحەوانەوە و كەس بەر كەس نەدەكەوت. جیا لە كوردستان شوێنێك نەمابوو كەمترین لێبیوردەییی ئایینی و مەزهەبی تێدا بەرقەرار بێت و خەڵك بتوانن بە جیاوازیی ناسنامەیانەوە سوكنایی تێدا بدەن و لە مەنجەنیقی شەڕ بپارێزرێن. هەر بۆیە كوردستانی بێدەوڵەت و كەمتوانا و ئابڵوقەدراو، بووە نەوا و ئامێز بۆ ملیۆنان هاووڵاتی وڵاتانی خاوەن دەوڵەت و سەروەری، كە نەیانتوانی سەر و ماڵی هاووڵاتییەكانی خۆیان بپارێزن.
ئێستایشی لەگەڵدا بێت، هیچ نەگۆڕاوە، ئەو زەمینەیەی داعشی بەرهەم هێنا وەك خۆی و خراپتریشە، ئەو تەهمیش و تەمییز و پۆلێنكارییە مەزهەبییەی توندڕۆیی بەرهەم هێنا، لە جاران مەترسیدارترە. ئیدیعاكارانی سەركەوتن، بۆ پرۆپاگەندە و سنگ دەرپەڕاندن باس لە كۆتاییی شەڕ و كۆتاییی داعش دەكەن. دەنا ناوچەكە لە جاران خراپتر دەكوڵێ و هاوكێشە سیاسی و سەربازییەكان لە جاران ئاڵۆزتر و ئایندەی ناوچەكەش لە جاران لێڵ و تاریكترە و، توندرۆییش لە جاران بازاڕی گەرمترە.
بایەخدانی ئامادەبووانی كۆنگرەی میونیخ بۆ ئاشتیی جیهانی، بە وەفدی كوردستان و ئەو هەموو دیدار و گفتوگۆ چڕوپڕەی لە گەڵیان سازدان، بایەخدان بوو بەو سەرزەمین و نەوا ئارام و سەقامگیرەی تا ئێستایش بەدیلی بۆ پەیدا نەبووە. بایەخدان بوو بەو كوردستانەی كە نەك هەر ئەفسانەی داعشی تێكشكاند، بەڵكو ملیۆنان مرۆڤی لە دەست داعش و مونافیسە مەزهەبییەكانی داعش پاراست و داڵدەی دان و، نانی خۆی لەگەڵ بەشكردن. ئەو بایەخدانە ئاماژەیەكیش بوو كە كارناسانی ئاساییشپارێزی جیهان، دەزانن ئیدیعای كۆتاییهاتنی توندڕۆیی و شەڕی مەزهەبی، درۆیەكی چەند ساویلكەیە و تێدەگەن ناوچەكە هێشتا لەبەردەم چ مەترسییەكدایە و، دەشزانن رۆڵی كوردستان لەو نێوەندەدا هێشتا چ بایەخ و گرینگییەكی ماوە.