Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ بەشێكی دیكەی شەقامی ١٢٠ مەتری دەكرێتەوە

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی بەشی ھونەری لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ بەشیكی دیكە لە شەقامی ١٢٠مەتری بكرێتەوە، كە دەكەوێتە نێوان شەقامی شەقڵاوە بۆ شەقامی كۆیە و درێژییەكەیشی ٤كم دەبێت.

 شەقامی١٢٠ مەتری لە چوار ھێڵ پێك ھاتووە و دیزاینەكەیشی بە جۆرێك داڕێژراوە، كە خێراییەكەی ١٠٠ كم لە سەعاتێكدایە و ھیچ تاسە و شوێنی گەڕانەوە و ترافیكلایتی تێدا نییە، دیزاینەكەیشی بە شێوەیەكی ستانداردی جیھانییە و لە ماوەی ڕابردوودا بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی كوردستان، قۆناغی یەكەمی شەقامەكە كرایەوە و بەردەوامیش كاری تێدا دەكرێت بۆ ئەوەی بەشەكانی دیكەیشی بكرێنەوە.

شوان یووسف، سەرۆكی بەشی ھونەری لە سەرۆكایەتیی شارەوانی ھەولێر، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیارە سەعات ٣ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەشی سێیەمی شەقامی١٢٠مەتری لە شاری ھەولێر بكرێتەوە كە ٤ كم دەبێت لە شەقامی شەقڵاوە تا دەگاتە شەقامی كۆیە، كردنەوەی شەقامەكەیش بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و پارێزگاری ھەولێر و كۆمەڵێك بەرپرسی دیكە دەبێت".

یووسف گوتیشی، "شەقامی١٢٠مەتری، ھەمووی ٣٨كیلۆمەترە بە شێوەی بازنەییە، ١١كم كۆمپانیایەكی توركی جێبەجێی دەكات لە رێگەی كەركووك تا مووسڵ و، بەشێكی دیكە پار كرایەوە كە دەكەوێتە شەقامی سەرەكیی مووسڵ تا شەقامی شەقڵاوە، ئەوەیش ١٦كم بوو و ئەوەی ئێستا بەشی سێیەمە لە شەقامی شەقڵاوە تا دەگاتە شەقامی كۆیە و ١١ كیلۆمەترە، كە بە ھۆی نەبوونی شەقامی خزمەتگوزاری و زۆر گوشاریشی لەسەر بوو بەھۆی قەرەباڵغی لە بەردەم فامیلی مۆڵ، بۆیە گرینگیی زۆری پێ درا و ئێستا ئەو بەشە دەكرێتەوە كە ٤ كیلۆمەترە و شەشی دەمێنێت و ھەوڵ دەدرێت ئەویش تەواو بكرێت" .

ئەو هەروەها دەشڵێت، لە ئێستادا ئەوەی كۆمپانیا توركیاییەكەیش كاری تێدا دەكات، بڕیارە بەم زووانە تەواوی بكەن، بەمەیش شەقامی١٢٠مەتری بە تەواوەتی دەكرێتەوە .

 

بڵند ئیبراھیم